بەغداد-INA
سەرۆکی کۆمار و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی سەرەخۆشی و هاوسۆزی بۆ کۆچی دوایی هاوسەرەکەی سەردانی فوئاد حسێن دەکەن
وەزارەتی دەرەوە لەبەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی ، تیایدا هاتووە: "فوئاد حسێن"جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە،لە شوێنی مانەوەی خۆی لە بەغدا، پێشوازی لە "لەتیف جەمال ڕەشید " سەرۆک کۆمار و "محەمەد شیاع سودانی"سەرۆک وەزیران و"نێچیرڤان بارزانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد .
وەک بەیاننامەکە ئاماژەی پێداوە مەبەست لە سەردانەکەی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی هەرێم ، دەربڕینی پرسەو سەرەخۆشی و هاوخەمیان بوو بۆ وەزیری دەرەوە ،بەهۆی کۆچی دوایی هاوسەرەکەی هەروەک داوایان لە خوای گەورە کرد کە سەبووری و دڵنەوایی بە جەنابی و بنەماڵە بەڕێزەکەی ببەخشێت.
بەپێی بەیاننامەکە: لەلایەن خۆیەوە جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی جەنابی سەرۆک و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد بۆ گەیاندنی پرسەو سەرەخۆشیان، داوای لە خودای مەزن کرد عێراق و گەلەکەی بە برایەتی بهێلێتەوە و هەموو لایەک دووربن لە ناخۆشی و نارحەتی.
هەروەک سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەم سەردانە بەخشندەیە دەربڕی.