سەرۆك وەزیران پرۆژەی یاریگای ئۆڵۆمپی ئەنبار بەسەردەكاتەوە

ناوخۆ
  • 24-04-2024, 19:14
  • +A -A

    بەغداد - INA
    ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، پڕۆژەی یاریگای ئۆڵۆمپی ئەنباری بەسەركردەوە.
    نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، پڕۆژەی یاریگای ئۆڵۆمپی ئەنبار كە توانای لە خۆگرتنی 30 هەزار بینەری هەیە بەسەركردەوە، كە یەكێكە لە پرۆژە دواكەوتووەكان، چونكە لەلایەن چەتە تیرۆریستییەكانی داعشەوە وێرانكرا و لە ئێستادا كاری دروستكردنی بەردەوامە.
    بەپێی بەیاننامەكە، سودانی گەشتی پڕۆژەكەی كرد و لەبارەی پێشكەوتنی جێبەجێكردنەوە ئاگاداركرایەوە و لەگەڵ كادیرە ئەندازیارییەكان كۆبووەوە كە سەرپەرشتی جێبەجێكردنەكە دەكەن و داوای لێكردن كە تەواوكردنی یاریگاكە خێراتر بكەن و بە تایبەتمەندی و ستانداردە پەسەندكراوەكان، بۆ ئەوەی یاریگاكە زیادكراوێكی گرنگ بێت بۆ ئەو یاریگا گەورانەی كە لە پارێزگاكانی دیكە جێبەجێ دەكرێن و ئامادە بن بۆ وەرگرتنی یاری و بۆنە وەرزشییەكان.
    لەبەیاننامەكەدا ئاماژەی بەوەشكراوە: كە دوو یاریگای مەشق و ڕاهێنان لە تەنیشت یاریگای سەرەكی دروستدەكرێن، یەكەمیان توانای (2000) بینەری هەیە، ئەوی دیكەشیان توانای (500) بینەری هەیە، ئەمە جگە لەوەی هۆتێلێكی (4) ئەستێرەی تێدایە بە توانای (75) ژوور، بۆ پێشوازیكردن لە شاندە وەرزشییەكان.