سەرۆك وەزیران گرێبەستی 12 هەزار سیستەمی ئاودێری مۆدێرن رادەگەیەنێت

ناوخۆ
  • 24-04-2024, 17:36
  • +A -A

    بەغداد - INA
    ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، گرێبەستی 12 هەزار سیستەمی ئاودێری مۆدێرن ڕاگەیاند.
    نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، لە میانەی سەردانەكەیدا بۆ سایلۆی پارێزگای ئەنبار، كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ گەیشتە ئەوێ، دەستپێكی وەرزی بەبازاڕكردنی بەرهەمی گەنمی عێراقی ڕاگەیاند.
    هەر بەپێی بەیاننامەكە، سودانی سەرپەرشتی پرۆسەی وەرگرتنی بەروبوومی گەنمی لە جوتیارانی پارێزگاكە كرد، هەروەها شایستەی دارایی ڕادەستی كۆمەڵێك جووتیار كرد كە بەرهەمەكانیان بە شێوەی چەك بەبازاڕ بكەن، ئەمەش وەك دووپاتكردنەوەی ڕوونی گەیاندنی خێرای شایستەی دارایی بۆ جووتیاران كە بەرهەمەكانیان لە گەنم و جۆ و گەنمەشامی دەخەنە بازاڕەوە.
    هەروەك لە وتارەكەیدا لە میانەی مەراسیمەكەدا، سودانی پێزانینی خۆی دەربڕی بە بوونیان لە پارێزگای ئەنبار، و دەستخۆشی لە هەوڵی جووتیاران و سەرجەم كرێكارانی وەزارەتەكانی كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكان و بازرگانی كرد، لە سەرخستنی وەرزی كشتوكاڵ و بازاڕكردن ، جەختیكردەوە: كە ڕۆڵی جووتیاری عێراقی لە گەیشتن بە ئاسایشی خۆراك كەمتر نییە لە ڕۆڵی سەربازی بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا.
    دووپاتیشیكردەوە: كە ئەنجومەنی وەزیران نرخی وەرگرتنی یەك تۆن گەنمی بە (850) هەزار دینار داناوە، هەروەها لە وەرزی داهاتوودا نرخێكی ئیمتیاز بۆ ئەو زەویانەی بە سیستەمی ئاودێری هاوچەرخ دەچێنرێن دەبێت.
    هەروەها سودانی لە وردەكارییەكانی پەیوەست بە ئاسانكاری بۆ وەرگرتنی بەرهەمی گەنم ئاگاداركرایەوە، هەروەك هەندێك ڕێكاری ئاڕاستە كرا كە هەموو ڕێگایەكی خێرا بۆ وەرگرتنی بەرهەم و خەرجكردنی پارەكەی ئامادە دەكات.
    بەیاننامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: كە سودانی گرێبەستی (12) هەزار سیستەمی ئاودێری مۆدێرنی ڕاگەیاند كە لە ڕێگەی گرێبەستی جۆراوجۆر و داراییەوە دەگاتە وڵات، كە تیایدا ئەو سیستەمانە بەردەست دەبن بۆ جوتیاران بە نرخێكی پاڵپشتیكراو كە دەگاتە 30٪.
    هەر بەپێی بەیاننامەكە سودانی لە وتارەكەیدا روونیكردەوە: كشتوكاڵ گرنگییەكی زۆری لە كار و ئاراستەكانی حكومەتەكەماندا داگیركردووە بە ئاراستەی جۆراوجۆر، جا چ یاسادانان بێت لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەران یان ئەو بڕیارانەی كە دەكەوێتە چوارچێوەی دەسەڵاتەكانی ئێمەوە، و وتیشی: ئێمە پاڵپشتی كشتوكاڵمان لە ئەولەویەتماندایە، سەرەتاش لە جێبەجێكردنی پلانی كشتوكاڵییەوە دەست پێدەكات.
    ئاشكراشیكرد: ئێمە ڕێنماییمان كردووە بۆ بەكارهێنانی میتۆدەكانی ئاودێری مۆدێرن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كەمی ئاو و بەدەستهێنانی بەرزترین بەرهەم بۆ هەر دۆنمێك، كە توانای ئابووری بۆ جوتیارەكە بەدەست دەهێنێت و پێویستییەكانمان بۆ ئەم دانەوێڵە ستراتیژییە دابین دەكات، و وتیشی: ئێمە توانیمان بەرهەمهێنانی پەینی ناوخۆیی دابین بكەین، دوای كردنەوەی هێڵی بەرهەمهێنانی پیتێنەری یوریا و هێڵی بەرهەمهێنانی پیتێنەر لە بەسرە.
    راشیگەیاند: بۆ یەكەمجار عێراق گەیشتە خۆژێنی لە بەرهەمهێنانی پەین بۆ پلانی كشتوكاڵی، و وتیشی: ئێمە ئەو بڕە پارەیەمان ئاڕاستە كرد كە تەرخانكرابوو بۆ هاوردەكردنی پیتێنەر بۆ كڕینی سیستەمی ئاودێری مۆدێرن.
    سەرۆك وەزیران تەئكیدیكردەوە: كە پشتبەستنمان بە كشتوكاڵ بژاردەیەكی ستراتیژییە بۆ چالاككردنی كەرتی ئابووری، و وتیشی: ڕێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی لەگەڵ توركیا نوێنەرایەتی بازدانێكی چۆنایەتی دەكات لە ڕووی چارەسەری ڕیشەیی بۆ كێشەی ئاو، بەپێی ڕێككەوتنی چوارچێوەی ئاو لەگەڵ توركیا، ئێمە بەرەو دروستكردنی پڕۆژەكانی بەنداو و ڕووبارەكان و بەكارهێنانی بۆرییەكان بۆ كەمكردنەوەی پاشماوەكان دەڕۆین بۆ دامەزراندنی وێستگەی چارەسەركردنی ئاوی پاشماوە و بەكارهێنانی لە كشتوكاڵدا.
    دووپاتیشیكردەوە: كەرتی كشتوكاڵ گرنگە، چ ڕووەكی و چ ئاژەڵی بێت، پەیوەندی بە ئاسایشی خۆراكەوە هەیە، و وتیشی: حكومەت جدییە لە باشتركردنی دۆخی كشتوكاڵ كە نوێنەرایەتی پیشەیەك دەكات بۆ نزیكەی لەسەدا 75ی دانیشتوانی عێراق.
    جەختیشیكردەوە: ئێمە تەرخانكردنی داراییمان گواستەوە بۆ وەزارەتی بازرگانی، حكومەت پابەندە بە خەرجكردنی پارەی جووتیاران هەر كە بەرهەمەكانیان گەیاندە ناوەندەكانی بازاڕكردنی وەزارەتی بازرگانی، و وتیشی: ئەمڕۆ شاهیدی وەرگرتنی پسوڵەی جووتیاران بووین بۆ ئەو بڕە پارانەی پەیوەستن بە بەروبوومەكانیانەوە، وەك بەشێك لە پابەندبوون و پاڵپشتیمان بۆ جووتیاران.
    سەرۆك وەزیران راشیگەیاند: پێشنیار دەكەین كە جووتیاران بەروبوومەكانیان ڕادەستی نوسینگە بازرگانییەكان نەكەن،  و وەزارەتی بازرگانیش پابەندە بە خێراكردنی ئاڵوگۆڕەكە، كە دڵنیا دەبینەوە كە بە شێوەیەكی دروست ئەنجام بدرێت، و وتیشی: ڕێنمایی سەرجەم فەرمانبەرانمان كردووە كە لە ئامادەباشیدا بن و 24 كاتژمێر دەوام بكەن، وە هیچ دواكەوتنێك لە خەرجكردنی شایستەكاندا نابێت.
    رونیشیكردەوە: لە ئەنبار 4 سەنتەری بازاڕگەری كرایەوە، هەروەها ڕێنمایی درا بۆ كردنەوەی سەنتەرێك لە عامریەی فەلوجە، بۆ ئەوەی جووتیاران لە بارگرانی تێچووی گواستنەوە بپارێزن.