هەولێر -INA
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە یادی 50 ساڵەی بۆردومانی شارۆچكەی قەڵادزی لایەن رژێمی پێشووی بەعسەوە پەیامێكی بڵاو كردەوە.
لە پەیامەكەدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە تێیدا رایگەیاندووە كە،"ئەمڕۆ یادی خەمگینی 50 ساڵەی شەهیدبوونی دەیان قوتابی و مامۆستای زانكۆی سلێمانی و هاووڵاتییانی سڤیلی قەڵادزێ دەكەینەوە، كە 24ی نیسانی 1974 بوونە قوربانیی تاوانێكی تری ڕژێمی ئەوسای عێراق".
هەروەها رایشگەیاند "ئەم تاوانە و قوربانیانی ئەو ڕۆژەی زانكۆی سلێمانی لە قەڵادزێ و خەڵكی شۆڕشگێڕی ناوچەكە، تەنیا لاپەڕەیەكی مێژووی خوێنین و بەئازاری گەلی كوردستانە كە دەبێ وانەی لێ وەرگرین و بە یەكڕیزی و تەبایی و پێكەوەییمان، بۆ هەمیشە ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەو مێژووە بگرین و بە ئومێدەوە كار بۆ داهاتوویەكی باشتر بكەین".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆتایی پەیامەكەیدا سڵاو و دروودی بۆ گیانی پاكی شەهیدانی قەڵادزێ و پشدەر و تەواوی شەهیدانی كوردستان نارد.