بهغدا-INA
ئەمڕۆ دووشەممە، نووسینگەی سەرۆک وەزیران دیارترین مژاری گفتوگۆکانی نێوان محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئهنجوومهنی وەزیران و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیای ئاشکرای کرد، کە بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵای فەرمی سەردانی عێراق دەکات.
لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، کە بەدهستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە، تێیدا هاتووە" محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئهنجوومهنی وەزیران، پێشوازی لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا كرد، کە بهسەرۆکایەتی شاندێکی فەرمی باڵا سەردانی عێراق دەکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا پێشوازییەکی فەرمی بۆ سەرۆکی میوان رێكخرا، کە تێیدا لە مەراسیمی پێشوازییەکەدا سروودی نیشتمانی عێراق و تورکیا و نمایشی پاسەوانی شەرەف و سڵاوکردنی ئاڵای ههردوو وڵات و تەقاندنی بیست ویەک گوڵڵه تۆپ پێش كێش كران.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆک وەزیران و سەرۆکی کۆماری تورکیا گفتوگۆی دوو قۆڵی فەرمی ئەنجامدەدەن، ئەمە جگە لەوەی گفتوگۆکان لەسەر ئاستی حکومەت و وەزیرەکانی هەردوولا فراوانتر دەکەن. لهسەردانەکەدا گفتوگۆ سهبارهت بهپرسی ئاو و ئابووری و ئەمنی و پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان و پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکە دهكرێت، لهگهڵ واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی چوارچێوەی ستراتیژی دوولایەنە بە ئامانجی فراوانکردنی هاوبەشی لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هاوبەشەکانی ژینگەیی و ناوچەیی.