بەغداد-INA
ئەمرۆ هەینی وەزارەتی دەرەوە هۆشداریی دا لە مەترسی هەڵکشانی سەربازی لە ناوچەکە بە گشتی.
وەزارەتی دەرەوە لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، تیایدا هاتووە:- نیگەرانی قوڵی خۆمان دەردەبڕێن سەبارەت بەو هێرشەی کە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ،شاری ئیسفەهانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کردە ئامانج .
وەک بەیاننامەکە ئاماژەی پێداوە:- وەزارەت بەردەوام دەبێت لە چاودێری گرژییەکانی ناوچەکە و هۆشداری دەدات لە مەترسییەکانی هەڵکشانی سەربازی کە هەڕەشەیە لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بە گشتی.
هەر بەپێی بەیاننامەکە ، وەزارەتی دەرەوە جەختدەکاتەوە کە نابێت ئەم هەڵکشانە سەرقاڵمان بکات و دوورمان بکاتەوە لە تاوانەکانی وێرانکاری دژی خەڵکی بێتاوان لە کەرتی غەززە، هەروەک وەزارەت جارێکی تر داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و کاربکات بۆ ئەوەی دەستبەجێ ئەم تاوانە پر لە ئازارانە ڕابگرێت.