سەرۆك وەزیران: تیرۆر هەموو عێراقییەكانی كردە ئامانج بەبێ ئەوەی ئایین و ڕەگەز و نەتەوە بەدەربكات

سیاسی
  • 18-04-2024, 17:15
  • +A -A

    بەغداد - INA
    ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، تەئكیدیكردەوە: كە تیرۆر هەموو عێراقییەكانی كردوەتە ئامانج بەبێ ئەوەی ئایین و ڕەگەز و نەتەوە بەدەر بكات.
    نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، لە پەراوێزی سەردانە فەرمییەكەی بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، پێشوازی لە بنەماڵەی هاوڵاتی ئەمریكی كایلا مۆلەر كرد، كە لە ساڵی 2013 لەلایەن چەتەكانی تیرۆریستی داعشەوە لە شاری حەلەبی سوریا ڕفێندرا لەكاتێكدا لە بواری دابینكردنی فریاگوزاری مرۆیی كاری دەكرد و دواتر لە ساڵی 2015 كوژرا.
    بەپێی بەیاننامەكە، بنەماڵەی قوربانییەكە نامەیەكیان گەیاندە سەرۆك وەزیران و داوایان لە حكومەتی عێراق كرد هاوكارییان بكات لە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەیەك كە لە ڕێگەیەوە بتوانرێت روفاتی كچەكەیان بدۆزرێتەوە و بگەڕێنرێتەوە بۆ وڵاتەكەی خۆیان لە ئەمریكا، چونكە عێراق ئەمڕۆ ئەزموونێكی گەورەی هەیە لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و زانیاری لەسەر گروپە تیرۆریستییەكان و پاشماوەكانی سەر بە چەتەكانی داعش.
    هەروەك سەرۆك وەزیران، هاوسۆزی قوڵی خۆی بۆ كەسوكاری قوربانییەكە دەربڕی،و جەختیكردەوە: دەزگا ئەمنییەكان دەست بە لێكۆڵینەوە دەكەن بۆ گەیشتن بە هەر زانیاریەك كە بتوانێت روفاتی قوربانییەكە دەستنیشان بكات.
    ڕاشیگەیاند: تیرۆر هەموو عێراقییەكانی كردۆتە ئامانج بەبێ ئەوەی ئایین و ڕەگەز و نەژاد بەدەر بكات و ئەوە خوێنی قوربانییەكانە كە لە كۆتاییدا سەردەكەون، و تیرۆر لە عێراقدا بە قوربانیدان و خوێنی گەلەكەی شكستی هێنا.