بەغداد - INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆكی دادگای فیدراڵی جاسم محەمەد عەبود، بڕیارەكانی سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ باڵیۆزی هەنگاریا ئاتیلا تار ڕوونكردەوە.
دادگای فیدراڵی لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: جاسم محەمەد عەبود سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی، لە بارەگای دادگای باڵای فیدراڵی لە بەغداد پێشوازی لە ئاتیلا تار باڵیۆزی هەنگاریا لە بەغداد كرد.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، كە سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی، لەگەڵ باڵیۆزی هەنگاریا لە بەغداد گفتووگۆیان كرد لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست و بەرزكردنەوەی هاوكاریی هاوبەش لە هەموو بوارەكان و پێویستی پەیوەندی و كۆبوونەوە بەردەوامەكان بۆ ئاڵوگۆڕی شارەزایی یاسایی لە بواری دەسەڵاتی دادوەری دەستووری بەهۆی گرنگییەكەی لە پشتیوانیكردنی پرۆسەی دیموكراسی بۆ گەیشتن بە سەروەری یاسا و دەستوور، كە دادگای فیدراڵی باڵا لە بەغدا هەوڵدەدات ئاسۆی پەیوەندی لەگەڵ هاوتاكانی لە جیهانی عەرەبی و نێودەوڵەتیدا بكاتەوە و ئاگاداربوون لە ئەزموونی وڵاتان لەم بوارەدا بۆ پشتیوانیكردن لە پرۆسەی سیاسی و دیموكراسی لە عێراقدا.
ئاماژەی بەوەشكرد: بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵی سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و سەرجەم فەرمانبەرانی دەزگاكانی دەوڵەت لە هەرێم تاوتوێ كران.
هەروەها سەرۆكی دادگا ڕوونیكردەوە: دەستووری كۆماری عێراقی ساڵی 2005 بنەما سەرەكییەكانی ماف و ئازادییەكانی بۆ گەلی عێراق دامەزراندووە و ئەو بناغانەی كە دەبنە هۆی مومارەسەی ئەو ماف و ئازادیانەی خەڵك، گرنگترینی ئەو بناغانە یەكسانییە، لەسەر بنەمای بڕگەكانی مادەی (14)، گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات بە پشتبەستن بە مادەی (6)ی دەستوور، و یەكسانی دەرفەت، بە پشتبەستن بە بڕگەكانی مادەی (16)ی و ئازادی دامەزراندنی و پەیوەستبوون بە حزبە سیاسییەكان لەسەر بنەمای بڕگەكان لە مادەی (39)ی دەستوور.
وتیشی: سیستەمی دیموكراسی لە عێراق پێویستی بە بنیاتنانی دامەزراوە دەستوورییەكان و سیستمێكی دروستی هەڵبژاردن هەیە، لەوانەش بوونی یاسایەكی دادپەروەرانەی هەڵبژاردن و كۆمسیۆنێكی سەربەخۆی هەڵبژاردن، هاوكات بە لەبەرچاوگرتنی بڕگەكانی ماددەی (110)ی دەستوور سەبارەت بە دەسەڵاتە تایبەتەكانی دەسەڵاتی فیدراڵی و مادەی (117)ی دەستوور سەبارەت بە پەسەندكردنی دەستووری كۆماری عێراق، كاتێك دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتە هەبووەكانی دەبێتە هەرێمێكی فیدراڵی.
لای خۆیەوە باڵیۆزی هەنگاریا جەختیكردەوە: كە وڵاتەكەی چاوی لە دروستكردنی پەیوەندی بەهێزە لەگەڵ لایەنی عێراقی لەسەر ئاستە جیاجیاكان، بەتایبەتی لە بواری دادوەری دەستوریدا، هەروەها ستایشی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری عێراق و ڕۆڵی دادگای باڵای فیدراڵی كرد، لە چەسپاندنی بنەما دەستوری و دیموكراسیەكان بۆ دڵنیابوون لە بنیاتنانی سیستەمێكی پەرلەمانی لەسەر بنەمای سەروەری یاسا.