لیوا رەسوڵ: حكومەت سەركەوتوو بوو لەڕێگەی دیپلۆماسی و دیالۆگەوە لە بەدەستهێنانی ئەو ئارامییەی لە عێراق هەیە

ناوخۆ
  • 17-04-2024, 21:40
  • +A -A

    بەغداد - INA
    ئەمڕۆ چوارشەممە، لیوا یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان ڕایگەیاند: عێراق سیستەمێكی بەرگری نیشتمانی هەیە كە پابەندن بە هەموو فەرمانەكانی فەرماندەی گشتیی.
    رەسوڵ لە میانی بەشداریكردنی لە دیداری سلێمانی، كە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بەدواداچوونی بۆ كردووە، رایگەیاند: هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەر داوای حكومەتی عێراق بۆ پشتیوانیكردن لە شەڕی چەتە تیرۆریستییەكانی داعش دامەزرا، لە ئێستادا پێویستی بوونی هاوپەیمانییەكە دەستنیشانكراوە چونكە عێراق بە خوێنی عێراقی و پشتیوانی نێودەوڵەتی سەركەوتنی بەسەر داعشدا بەدەستهێنا و بەتایبەتی لەو كاتەوەی كە مەترسی ڕێكخراوەكە بۆ زۆرێك لە وڵاتان درێژ دەبووەوە.
    ئاماژەی بەوەشدا: عێراق سیستەمێكی بەرگری نیشتمانی هەیە كە یەكەكانی سوپا، پۆلیس، حەشدی شەعبی، دەزگای دژە تیرۆر، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و جۆرەكانی دیكەی ئاسایش لەخۆ دەگرێت، كە هەموویان پابەندن بە فەرمانەكانی فەرماندەی گشتی، هەروەها سەقامگیرییەكی ئەمنی ڕوون و كەمبوونەوەی تاوان هەیە كە سەركەوتنی حكومەت لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنیدا پشتڕاست دەكاتەوە.
    ناوبراو لە درێژەی قسەكانیدا وتی: سەبارەت بە ئاستی سیاسی، عێراق ئەمڕۆ جیاوازە لەوەی ساڵانێك لەمەوبەر هەبوو، پشتیوانی سیاسی هەیە بۆ حكومەت، هەڵبژاردنی دیموكراسی دەورەیی و كاری دامەزراوەیی ڕاستەقینە لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوەكان هەیە.
    سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای ناوچەكە و عێراق، رەسووڵ رایگەیاند: لە مانگی ئۆكتۆبەری ڕابردووەوە، قەوارەی زایۆنی درێژە بە تاوانە جینۆسایدییەكانی دژ بە گەلی فەلەستین لە غەززە دەدات كە تێیدا زیاتر لە 30 هەزار شەهیدی لێكەوتوەتەوە، و ئێمە هۆشداری دەدەین لە دروستبوونی شەڕێكی هەمەلایەنە لە ژێر ڕۆشنایی كاردانەوە بەردەوامەكانی بۆ شەڕانگێزی.
    ئاماژەی بەوەشكرد: حكومەت بە هەوڵێكی ڕوون لەڕێگەی دیپلۆماسی و دیالۆگەوە كاری كرد بۆ گەیشتن بەو ئارامییەی ئێستا لە عێراق هەیە، كە تێیدا بەڵێن درا بە ڕاگرتنی هێرشەكان لە خاكی عێراقەوە.