شاخەوان عەبدوڵا: سوورین لەسەر پشتگیری دەركردنی یاسایەك كە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییاندا بێت

سیاسی
  • 17-04-2024, 19:27
  • +A -A

    بەغداد - INA
    ئەمڕۆ چوارشەممە، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران شاخەوان عەبدوڵا، تەئكیدیكردەوە: كە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران سوورە لەسەر پشتگیری دەركردنی یاسایەك كە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییاندا بێت.
    فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران لەبەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئەمڕۆ چوارشەممە، شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەرپەرشتی كۆبوونەوەی لیژنەی یاسایی كرد بە ئامادەبوونی سەرۆك و ئەندامانی لیژنەكە، بۆ تاوتوێكردنی ڕەشنووسی هەمواركردنەوەی یاسای دەستەی داواكاریی موڵك و ماڵی ژمارە (13) ساڵی 2010.
    بەپێی بەیاننامەكە، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران ستایشی هەوڵەكانی لیژنەی یاسایی و ڕۆڵی سەرەكی لە ناو ئەنجومەنەكەدا كرد، و جەختیكردەوە: پێویستە لیژنەی یاسایی پێداچوونەوە بە هەموو یاساكانی لیژنەكانی دیكەی پەرلەمان بكات بۆ دڵنیابوون لە داڕشتنی گونجاو بۆ هەموو یاساكان.
    ئاماژەی بەوەشكرد: یاسای داواكاری موڵك و ماڵ یەكێكە لەو یاسایە گرنگانەی كە كاریگەری لەسەر ژیانی هاوڵاتی هەیە، هەروەها سەرۆكایەتی ئەنجومەنیش سورە لەسەر پاڵپشتی دەركردنی ئەو یاساییانەی كە لە بەرژەوەندی هاوڵاتیدا بێت.
    لە كۆتایی بەیاننامەكەدا هاتووە، كە سەرۆكی لیژنەی یاسایی ڕێبوار هادی، و ئەندامانی لیژنەكە پێداچوونەوەیان بەو تێبینی و پێشنیازانە كرد كە خراوەتەڕوو سەبارەت بە هەمواركردنەوەی یاساكە و گرنگترین دارشتنەوەی یاساییەكان كە لیژنەكە لەسەری ڕێككەوتوون پێش ئەوەی ڕادەستی بكەن بۆ دەنگدان لە دانیشتنی ئەنجومەن.