بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بە وەكالەت موحسین مەندەلاوی، جەختی لە گرنگی خێرا تەواوكردنی هەنگاوەكانی كاراكردنی ڕێگای گەشەپێدان كردەوە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بە وەكالەت لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: موحسین مەندەلاوی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بە وەكالەت و شاندی پەرلەمانی یاوەری، لەگەڵ نوعمان كورتولموش سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانی توركیا و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتە كۆبونەوە، و لە كۆبوونەوەكەدا گفتووگۆیان كرد لەبارەی ڕۆڵ و پێگەی عێراق لەسەر ئاستی دیپلۆماسی لە پێناو بەرقەراركردنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەكەدا و گرنگی ستراتیژیی هەڵكەوتەی جوگرافیای، هەروەها پێویستی خێراكردنی تەواوكردنی هەنگاوەكانی كاراكردنی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان و پێشكەوتنی ئابووری و دەرفەتی وەبەرهێنانی گەورە كە بۆ هەردوو وڵات و ناوچەكە دابین دەكات، جگە لە گفتوگۆكردن لەسەر ژمارەیەك فایل، دیارترینیان ئاو و ئاسایش.
بەپێی بەیاننامەكە، مەندەلاوی جەختیكردەوە: كە سنوورەكان تەحەدایەكی گەورەیە و دەزگا ئەمنییەكان ئارەزووی بەهێزكردن و كۆنترۆڵكردنی ئاسایشی سنوورەكان دەكەن، و هەروەك داوای گرنگی چارەسەركردنی پرسی ئاوی كرد بەو پێیەی پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی خەڵكەوە هەیە و بە شێوەیەك كە گەرەنتی پشكێكی دادپەروەرانە و گونجاو بۆ عێراقییەكان بكات.
بەیاننامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: كە لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە و دەستدرێژیی زایۆنییەكان بۆ سەر خەڵكی فەلەستین تاوتوێكرد، و هەروەها مەندەلاوی ئەوەی لە كەرتی غەززە رودەدات بە "جینۆساید" وەسف كرد.
مەندەلاوی داواشی كرد، وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە بەرامبەر ئەم خۆبەزلزانینەدا بوەستنەوە و فشار بخەنە سەر بۆ كۆتاییهێنان بە دەستدرێژی و ڕاگرتنی داگیركاری، و هێنانی هاوكاری مرۆیی بە بەردەوامی و بەپەلە، هەروەها هەماهەنگی هەڵوێست و هەوڵە دیپلۆماسییەكان لە كۆڕبەندی پەرلەمانی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەرەو پرسە چارەنووسسازكان، گرنگترینیان پشتیوانیكردن لە مافی گەلی فەلەستین بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان و قودسی شەریف پایتەختەكەی بێت.
لای خۆیەوە، نوعمان كورتولموش، سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانی توركیا ڕایگەیاند: توركیا یەكپارچەیی خاكی عێراق بە بنەما دەزانێت بۆ هێنانەدی ئاشتی بۆ ناوچەكە، و وتیشی: سەردانی داهاتووی سەرۆكی توركیا ئەردۆغان بۆ عێراق، واژۆكردنی ڕێككەوتن و یاداشتی لێكتێگەیشتنی گرنگ لەخۆدەگرێت، هاوكات وڵاتەكەی ئارەزووی دابینكردنی هەموو ئەو شتانەیە كە دەبێتە هۆی هەستانەوە و گەشەسەندنی عێراق.