هه‌ولێرـ INA
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌تۆماس سیله‌ر باڵیۆزی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا له عێراق كرد.
نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی ناردووه، راگه‌یاند" له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا ده‌رباره‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان بيروڕايان گۆڕييه‌وه و هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه بۆ نوێكردنه‌وه‌ى شه‌رعيه‌ت و پرۆسه‌ى ديموكراسى، گرنگ و پێويسته هه‌ڵبژاردن بكرێت. له‌مباره‌يه‌وه باڵيۆزى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا سوپاس و پێزانينى بۆ هه‌وڵه‌كانى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى به‌رده‌مى، ده‌ربڕى.
هه‌ردوولا باسيان له په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان كرد و باڵيۆزى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا دوايين سه‌ردانى به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانى بۆ به‌غدا و ديدار و كۆبوونه‌وه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵاى عێراق و هه‌وڵه‌كانى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان به گرنگ زانى.
بره‌ودان به په‌يوه‌نديى بازرگانيى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه و گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.
هه‌روه‌ها هه‌ر ئه‌مڕۆسه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ پاتريك دورێل باڵيۆزى فه‌ره‌نسا له عێراق كۆبووه‌وه و ده‌رباره‌ى دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، گفتوگۆيان كرد.
له ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختيان له گرنگيى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان به به‌شداريى هه‌موو لايه‌نه‌كان كرده‌وه، هه‌روه‌ها به‌ره‌وپێشچوونه‌كانى گفتوگۆى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراقيى فيدراڵييان به ئه‌رێنى هه‌ڵسه‌نگاند.
دۆخى ناوچه‌كه به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، لايه‌نێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.