دەست بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی گەشتیاری بەنداوی باوە شاسوار دەكرێت

سیاسی
  • 14-04-2024, 22:16
  • +A -A

    سلێمانی - INA
    قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ئیدارەی قایمقامیەتی كفری كۆبووەوە 
    قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ ئیدارەی گەرمیان، سەردانی قایمقامییەتی كفری كرد و لەگەڵ قایمقام و بەرپرسانی ئیداری قەزاكە كۆبووەوەو دواتر سەردانی بەنداوی باوەشاسواری كرد.
    لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی یەك شەمە( 14ی نیسانی 2024) بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆك وەزیران، پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە ساهر عەلی جاسم وەك قایمقامی نوێی كفری كرد. پاشان باس لە كێشە و گرفتە ئیداری و خزمەتگوزارییەكانی ناوچەكە كرا و بڕیاردرا چەند پڕۆژەیەك لە سنوورەكە بە تایبەت لە بواری رێگاوباندا جێبەجێ بكرێت.
    هەر لە كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی داوای لە بەرپرسانی ئیداری قەزاكە كرد هەموو جۆرە كارئاسانییەك بكەن بۆ باشتر خزمەتكردن و جێبەجێكردنی داواكاری هاوڵاتییان و شیوازی مامەڵە لەگەڵ خزمەتخواز باشتر بكرێت.
    لە دوای كۆبوونەوەكەدا، جێگری سەرۆك وەزیران بە یاوەری ئەمەل جەلال، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، سەردانی بەنداوی باوەشاسواری كرد. 
    لە سەردانەكەدا تاوتوێی رێكارەكان و چۆنییەتی دروستكردنی ناوچەیەكی گەشتیاری لەسەر بەنداوەكە كرا و داوایكرد دەستەی گەشتوگوزار بە هاوكاری ئیدارەی گەرمیان لە نزیكترین ماوەدا پڕۆژەی گەشتیاری بەنداوی باوەشاسوار بخەنە بورای جێبەجێكردنەوە و راشیگەیاند كە ریكارە یاسایی و كارگێڕییەكانی ئەم پڕۆژەیە بەزووترین كات تەواو دەبن كە چەندین هەلی كار دەڕەخسێنێت و ئەبێتە هۆكارێك بۆ پەڕەپێدانی ژێرخانی ئابوری دەڤەرەكە.