بەغداد-INA
ئەمرۆ یەک شەممە ،سەرۆك کۆمار لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و ژمارەیەک لە لێپرسراوان پێشهاتەکانی ئەمدواییەی ناوچەکە تاووتوێ دەکات.
سەرۆکایەتی کۆمار لەبەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەیی تیایدا رایگەیاندوە :-"لەتیف جەمال رەشید" سەرۆك کۆمار لە کۆشکی سەلام لە بەغداد پێشوازی کرد لە" قاسم ئەعرەجی" راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و ژمارەیەك لە لێپرسراوان لە راوێژکارێتی ئاسایشی نەتەوەیی.
وەک بەیاننامەکە ئاماژەی پێداوە لە میانی دیدارەکەدا،باس لە بارودۆخی ئەمنی وڵات کرا و گرنگی پاراستنی سەقامگیری و دەستەبەرکردنی ئاسایشی هاووڵاتیان و پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی لە بواری بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و بەدواداچوونی پاشماوەکانی و سەرچاوەکانی دارایی بەدیهاتون، دوپاتکرایەوە.
هەر بەپێی بەیاننامەکە باس لە رەوشی راگیراوان و دەستبەسەرکراوانی ناو گرتوخانەکان و پێویستی بەردەوامبوون لە ئازادکردنی ئەو کەسانە کرا، کە ماوەی سزاکانیان تەواوبوە.
هەر لە کۆبونەوەکەدا بارودۆخی ئاوارەکان و ئەو پلانانە تاووتوێکران، کە بەمەبەستی گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانیان و داخستنی هەموو کەمپەکان، داڕێژراون.
بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی کۆمار ئەوەشی خاتۆتەروو :- کە ئامادەبوانی کۆبونەوەکە ئاسایشی سنورەکان و پێویستی هاوئاهەنگی و هاریکاری بنیاتنەریان لە بواری چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەپێناو سودی گشتی و بەدیهێنانی بەرژەوەندی گەلان، تاووتوێ کرد،هەروەک باس لە پێشهاتەکانی ئەمدواییەی ناوچەکە و دەرئەنجامەکانی کرا و سەرۆك کۆمار جەختی لە پێویستی کەمکردنەوەی گرژییەکان و فراواننەکردنی بازنەی ململانێکە کردەوە، دوپاتیشیکردەوە جەنگەکان چارەسەرنین بۆ گەلان و کێشەکانی نێوان وڵاتان قوڵتر دەکەنەوە.
سەرۆك کۆمار ئاماژەی کرد بە پێویستی راگرتنی دەستدرێژی بۆسەر کەرتی غەززە و دۆزینەوەی رێگاچارەی ریشەیی بۆ دۆزی فەڵەستین لەڕێی پێدانی سەرجەم مافە رەواکان بە گەلەکەی، کە دەبێتە خاڵێکی بنەڕەتی بۆ سەقامگیری ناوچەکە.
لای خۆیەوە راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی باسێکی سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و پلانەکانی پاراستنی سەقامگیریی وڵات پێشکەشکرد و پێشنیارەکانی سەرۆك کۆماری بەرزنرخاند بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و یەکخستنی هەوڵەکانی بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری.