نێچيرڤان بارزانى له‌ يادى ئه‌نفالدا پەیامێک بڵاودەکاتەوە

سیاسی
  • 14-04-2024, 12:30
  • +A -A

    هەولێر-INA
    ئەمرۆ یەک شەممە "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی تیپەربوونی 36ساڵ بەسەر  ئەنفاکردنی گەڵی کوردستان لەلایەن رژێمی پێشووی بەعس رایگەیاند کە ئەنفال يه‌كێك له‌ سامناكترين تاوان و جينۆسايدى مێژوودا ساڵى 1988 له‌سه‌ر ده‌ستى ڕژێمى بەعس شه‌هيد كران و لێكه‌وته‌كانى تا ئێستا و تا داهاتوويه‌كى درێژ به‌رده‌وام ده‌بن،بارزانی
    داواش لە حکومەتی فیدراڵ دەکات کە قوربانييان له‌ هه‌موو ڕوويه‌كه‌وه‌ و قه‌ره‌بوو بكاته‌وه.
     نوسینگەی ڕاگەیاندنی"نێچیرڤان بارزانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکد کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) ناردوویەتی تیایدا پەیامێکی سەرۆکی هەرێمی بەبۆنەی تێپەڕبوونی 36 بەسەر ئەنفال بڵاو کردەوە ، کە ئەمە دەقەکەیەتی:
    ئه‌مڕۆ يادى خه‌مگينى سى و شه‌ش ساڵه‌ى هه‌ڵمه‌ته‌ به‌دناوه‌كانى ئه‌نفال و زياتر له‌ 182 هه‌زار منداڵ و ئافره‌ت و پياو و گه‌نجى ئه‌نفالكراوى كوردستان ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ له‌ يه‌كێك له‌ سامناكترين تاوان و جينۆسايدى مێژوودا ساڵى 1988 له‌سه‌ر ده‌ستى ڕژێمى ئه‌وساى به‌غدا شه‌هيد كران و لێكه‌وته‌كانى تا ئێستا و تا داهاتوويه‌كى درێژ، به‌رده‌وام ده‌بن. له‌م ياده‌دا به‌ ڕێز و شكۆدارييه‌وه‌ به‌ بيريان ده‌هێنينه‌وه‌ و سه‌رى ڕێز و نه‌وازش له‌به‌رده‌م گيانى پاكياندا داده‌نوێنين.
    له‌ كاتێكدا دادگاى باڵاى تاوانه‌كانى عێراق ئه‌م تاوانه‌ى به‌ جينۆسايد ناساندووه‌، داواكاريمان له‌ حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق دووپات ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ بۆ به‌جێگه‌ياندنى دادوه‌رى، ئه‌ركى خۆى جێبه‌جێ بكات و قوربانييان له‌ هه‌موو ڕوويه‌كه‌وه‌ و قه‌ره‌بوو بكاته‌وه. هه‌روه‌ها جه‌خت له‌ خزمه‌تكردنى باشترى كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى ئه‌نفالكراوان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ده‌كه‌ينه‌وه‌ و هه‌رچى له‌ توانادا بێت، ده‌بێ درێخييان بۆ نه‌كرێت.
    كه‌سوكارى ئازيزى ئه‌نفالكراوان دڵنيا ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ تا كۆتايى له‌ پرۆسه‌ى گه‌ڕان به‌دواى ڕوفاتى شه‌هيداندا و گێڕانه‌وه‌يان بۆ باوه‌شى نيشتمان به‌رده‌وام ده‌بين. هه‌روه‌ها جه‌خت له‌ كار و هه‌وڵى هه‌مه‌لايه‌نه‌مان ده‌كه‌ينه‌وه‌ بۆ ئه‌وى تاوانى ئه‌نفال له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تيش به‌ جينۆسايد بناسرێت و هه‌رگيز تاوانێكى وا له‌ هيچ شوێنێكى جيهان دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌.
    له‌م ياده‌دا جه‌خت له‌ ته‌بايى و پێكه‌وه‌ييى ته‌واوى لايه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستان ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ مه‌رجى پاراستن و مانه‌وه‌ى ماف و ده‌سكه‌وته‌كان و فيدراڵى و قه‌واره‌ى ده‌ستووريى هه‌رێمى كوردستانه‌. يادى شه‌هيدان هه‌ميشه‌ به‌ خێر و دروود له‌ گيانى پاكيان، سڵاو له‌ خێزان و كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان و ته‌واوى شه‌هيدانى كوردستان.

    نێچيرڤان بارزانى
    سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان