بەغدا - INA
ئەمڕۆ شەممە محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دووپاتیكردەوە كە سەردانەكەی بۆ واشنتۆن لە هەلومەرجێكی وورد و هەستیاردایە لەسەر ئاستی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و دۆخی ناوچەكە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بەدەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە و تیایداهاتووە : محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بەر لە ڕۆیشتنی بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، لێدوانێكی ڕۆژنامەوانی دا، كە تیایدا ئەوە پشتڕاستكردەوە ئەم سەردانە لە هەلومەرجێكی وورد و هەستیاردا دێت لە ئاستی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەمریكا و هەروەها ئاستی بارودۆخی ناوچەكە و ئەو تاوانانەی لەناوچەكانی فەڵەستین بەرامبەر بەخەڵكی بێتاوان ڕوودەدات، جگەلەترسی فراوانبوونی بازنەی ململانێكان.
سودانی ووتیشی : ئامانجی سەردانەكە گواستنەوەی پەیوەندییەكانە لەگەڵ ئەمریكا بۆ قۆناغێكی نوێ كە بریتییە لە چالاككردنی بڕگەكانی ڕێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی، كە هاوتەریبە لەگەڵ بەرنامەی حكومەتەكەمان، كە تیشك دەخاتە سەر چاكسازییە ئابووری و داراییەكان و بوارە گرنگەكانی تر، هەروەها هاوبەشی بەرهەمدار لەگەڵ وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان.
جەختیشی كردەوە كە لە كۆبوونەوەكەدا لەگەڵ سەرۆك بایدن باس لە بارودۆخی ناوچەكە و ئەو پەرەسەندنە دەكرێت كە شاهیدییە، هەروەها ڕۆڵی هاوبەش لە كاركردن بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە و ڕێگریكردن لە فراوانبوونی ململانێكان بە شێوەیەك كە كاریگەری لەسەر سەقامگیری گشتیی جیهان هەبێت، هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا پێداچوونەوە بە كارەكانی لیژنەی باڵای سەربازی نێوان عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەكرێت، كە ئامانجی گەیشتن بە كارنامەیەك.
سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەدا كە سەردانەكە شایەتحاڵی كۆبوونەوە لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و گەنجینەی ئەمریكا و هەروەها ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و ژووری بازرگانی ئەمریكا و بەرپرسانی باڵای كۆمپانیا نەوتی و پیشەسازییەكان دەبێت.
دووپاتی كردەوە كە سەردانەكە هەڵگری خواستی بنیاتنانی هاوبەشییەكی ستراتیژی بەردەوامە، لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەكتر، هەروەها پاراستنی ئاسایش و سەروەری و یەكپارچەیی خاكی عێراق.
لەبەیاننامەكەدا ڕوونیكردووەتەوە : سەرۆك وەزیران لە سەردانە فەرمییەكەیدا بۆ واشنتۆن شاندێكی حكومەت و پەرلەمانی لەگەڵدایە كە ژمارەیەك وەزیر و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ڕاوێژكار لەخۆدەگرن، جگە لە نوێنەرانی كەرتی تایبەت، لەنێویاندا بازرگانان و پیشەسازییەكان كە پسپۆڕن لە كەرتە جیاوازەكاندا، لەوێ گفتوگۆی بەرفراوان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا دەكات سەبارەت بە پەیوەندییە دوولایەنەكان و بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كۆمەڵێك دۆسیەی ئابووری، دارایی، بازرگانی و ئەمنییەكان، هەروەها دۆسیەكانی پەیوەست بە پەروەردە و رۆشنبیری و ئەوانی دیكە، هەروەها سەردانەكە واژۆكردنی ژمارەیەك گرێبەستی وەبەرهێنان لەگەڵ كۆمپانیا گەورەكانی ئەمریكا لەخۆدەگرێت.
لە درێژەی بەیاننامەكەدا هاتووە : سەردانەكە شایەتحاڵی ئەنجامدانی یەكەمین كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هەماهەنگی هاوبەش (HCC) دەبێت، بە ئامانجی بەردەوامبوون لە كاراكردنی ڕێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی، لە میحوەرەكانی وزە، هاوكاری بانكی و دارایی، گواستنەوە،بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، وەرگرتنەوەی پارەی عێراق، و كەرتی بازرگانی، جگە لە پەروەردە و ڕۆشنبیری.