پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزان

سیاسی
  • 9-04-2024, 21:00
  • +A -A

    هه‌ولێرـ INA
    مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌بۆنه‌ی هاتنی جه‌ژنی ره‌مه‌زانی پیرۆزه‌، په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی كردووه‌ وتێدا هاتووه‌"بە بۆنەی هاتنی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم، بە تایبەتی پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم.
    هیوادارم جەژن ببێتە مایەی خۆشی و شادی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی کوردستان و کۆتاییهاتنی هەموو شەڕ و ناخۆشی و نەهامەتییەک لە جیهان.
    سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژی خەڵکی نیشتمانپەروەری هەرێمی کوردستان دەکەم، کە هاوکار و یارمەتیدەرمان بوون لە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە ئابوورییەی ڕووبەڕوومان بووەوە. هیوادارم ئەو ڕێککەوتن و لەیەکتێگەیشتنەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ لەبارەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دروست بووە، بەردەوام بێت و لەمەودوا، بابەتی مووچە کە مافێکی ڕەوا و دەستووریی خەڵکە، تێکەڵی هیچ کێشە و ناکۆکی و ململانێیەکی سیاسی نەکرێت و فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمیش، مانگانە بە شێوەیەکی ئاسایی، لە ڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە مووچەکانیان وەربگرن.
    هەروەها ئومێد دەکەین ئەم پێشکەوتن و هەنگاوانە، ببنە دەستپێکێک بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی دیکەش و هەموو ئەو گرفتانەی ماون بە لەیەکتێگەیشتن و پابەندبوون بە دەستووەرەوە، چارەسەر ببن.