بهغدا-INA
سهرۆكایهتی كۆمار لهروونكردنهوهیهكی دا هۆكاری دهرنهخستنی فهرمانی دانانی ئهحمهد جبوری وهكو پارێزگاری سهڵاحهدین خستهروو. فهرمانگهی راگهیاندنی سهرۆكایهتی كۆمار لهروونكردنهوهیهكی دا كهبۆ ئاژانسی ههواڵی عێراقی ناردووه، راگهیاندووه"
هەندێك لە کەناڵەکانی راگەیاندن لێدوانێکی ئەحمەد عەبدوڵڵا جبوری لە کەناڵی ئاسمانیی سۆمەرییەیان بڵاوکردۆتەوە، کە باس لەوە دەکات جەنابی سەرۆك کۆمار خۆی بەدوورگرتوە لە دەرکردنی مەرسومی کۆماری بۆی تا وەک پارێزگاری سەڵاحەدین دابمەزرێت، کە ئەوەش لەبەربونی هەڕەشە و فشاری لایەنە کاریگەرەکانی ناو پرۆسەی سیاسی بوە. لەم بارەیەوە رایدەگەیەنین ئەم لێدوانە بە تەواوی دورە لە راستییەوە و جەنابی سەرۆك ئەرکی دەستوریی خۆی جێبەجێکردوە بۆ پاراستنی دەستور و یاسا، هەروەك خۆبەدورگرتنی لە دەرکردنی مەرسومی کۆماری بەهۆی بونی نوسراوێکی فەرمانگەی تۆماری تاوانەکان/ وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (بەغداد / م1 /6553) لە 2024-2-12 بوو، کە ئاماژەی بە دەرکردنی (6) شەش بڕیاری کۆتایی تەواو لەسەر ئەحمەد عەبدوڵڵا جبوری داوە و هەندێکیان تاوانی شەرەف بون، هەروەها دوو لەوانە یاسای لێبوردنی گشتی گرتونیەتییەوە، لەگەڵ بونی (7) حەوت دۆسیە، کە لێکۆڵینەوەیان تێدا دەکرێت. بۆ زانیاری بەگوێرەی یاسای پارێزگا رێکنەخراوەکان لە هەرێمێکدا، ژمارە (21)ی ساڵی 2008ی هەموارکراو و یاسای هەموارکراوی یەکەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و قەزاکان ژمارە (12)ی ساڵی 2018 لە مادەی (7/ سێیەم)دا مەرجی ئەوە دانراوە هەر کەسێك پۆستی پارێزگار وەربگرێت دەبێت خاوەنی رەفتار و ناوبانگ و ئاکاری باش بێت و بە تاوانی گەندەڵی دارایی و کارگێڕی و تاوانی شەرەف حوکم نەدرابێت، تەنانەت ئەگەر لێخۆشبوونێکی پێشووش گرتبێتیەوە. هەروەك نوسراوێکی دەستەی دەستپاکی فیدراڵی ژمارە (ق. م / س / 208) لە 2024-2-7 گەیشتە سەرۆکایەتی کۆمار، کە ئاماژە بە هەمان ناوەڕۆکی نوسراوەکەی فەرمانگەی تۆماری تاوانەکان دەکات بە ئاماژەدان بەوەی چەند بڕیارێکی کۆتایی لە دژی کەسی پەیوەندیدار دەرچووە، هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، کە دۆسیەیەك هەیە لای فەرمانگەی خۆپارێزی و تائێستا لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.
سەرەڕای وەرگرتنی هەردوو نوسراوەکەی فەرمانگەی تۆماری تاوانەکان و دەستەی دەستپاکی فیدراڵی و بۆ نەهێشتنی هیچ گومانێك، سەرۆکایەتی کۆمار نوسراوێکی ئاراستەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری کرد بەپێی نوسراوێکی (بلا) لە 2024-2-19 بەمەبەستی پرسیارکردن بۆ رادەی شیاوی دەرکردنی مەرسومی کۆماری بۆ دامەزراندنی بەڕێز ئەحمەد عەبدوڵڵا جبوری وەک پارێزگاری سەڵاحەدین لەگەڵ هەبونی ئەو حوکمانە لەسەری، ئەنجومەنی باڵای دادوەری بەگوێرەی نوسراوی ژمارە (33 / نوسینگە/ م . و / 2024) وەڵامی دایەوە، کە نابێت مەرسومی کۆماری دەربکرێت، بە پشتبەستن بە هاتنی ئەو نوسراوە، سەرۆکایەتی کۆمار خۆی لە دەرکردنی مەرسومی دامەزراندنەکە بەدورگرت. لەکاتێکدا ئەم راستیانە بۆ رای گشتی روندەکەینەوە، دوپاتیدەکەینەوە کە جەنابی سەرۆك کۆمار بەپەرۆشە بۆ پاراستنی دەستور و پابەندبون بە بڕگەکانی یاساکارپێکراوەکان، ئەو لێدوانانەی بەڕێز ئەحمەد عەبدوڵڵا جبوری-یش لە درۆ و هەڵبەستراو زیاترنین، کە مەبەست لێی چەواشەکردنی رای گشتی و زیانگەیاندنە بە شکۆی سەرۆکایەتی کۆمار .
سەرۆکایەتی کۆمار مافی خۆیەتی رێكکاری یاسایی بەرامبەر بەڕێز جبوری بگرێتەبەر، داواش لە کەناڵەکانی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکات پێش بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان، وردتر بەدواداچون بکهن.