سەرۆکی کۆمار جەخت لەسەر گرنگی تەواوکردنی ئامادەکارییە پێویستەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە

سیاسی
  • 7-04-2024, 13:50
  • +A -A

    بەغداد-INA
    ئەمڕۆ یەکشەممە"لەتیف جەمال ڕەشید" سەرۆکی کۆمار جەختی لە گرنگی تەواوکردنی ئامادەکارییە پێویستەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە.
    نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لەبەیاننامەیەکدا کەبۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی ، تیایدا هاتووە : ئەمرۆ یەک شەممە"لەتیف جەمال رەشید " سەرۆك کۆمار ، پێشوازیکرد لە" نێچیرڤان بارزانی " سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
    لەدیدارەکەدا،کە لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچوو، بارودۆخی گشتی وڵات و پێشهاتەکان و بەتایبەتی پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان تاووتوێکران و سەرۆك کۆمار ئاماژەی بە بایەخی گەیشتن بەو چارەسەرە گونجاوە کرد، کە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاتوەتەئاراوە.
    وەک بەیاننامەکە ئاماژەی پێداوە: سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لەسەر پێویستی سودوەرگرتن لەو دەستکەوتە گرینگانەی بەدەستهاتوە بۆ بەردەوامبوونی دیالۆگی کاریگەر لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی دیکە بەگوێرەی دەستور و یاسا، هەروەها گرنگی پابەندبون بە خاڵەکانی ئەو رێککەوتنە سیاسییەی حکومەتی لەسەر پێکهێنراوە دوپاتکردەوە بەمەبەستی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی گونجاو، کە مافی هەموو هاووڵاتیان مسۆگەربکات بە هاووڵاتیانی هەرێمیشەوە و لە هەر لێکەوتێکی دیکە دوریانبخاتەوە، کە بارگرانیەکانیان زیاتربکات. هاوکات ستایشی خۆڕاگری و دانایی هاووڵاتیانی کوردی کرد، کە دانیان بەخۆیاندا گرت لەو بارودۆخە سەخت و ئاڵۆزەی راستەوخۆ کاریگەری لەسەر بارودۆخی ژیانیان هەبو.
    بەپێی ناورۆکی بەیاننامەکە : سەرۆك کۆمار جەختیشیکردەوە لە گرنگی تەواوکردنی ئامادەکارییە پێویستەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بە بەشداری هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بۆ مسۆگەرکردنی پاکی و شەفافییەتی پرۆسەکە لەپێناو بەدیهێنانی خواستەکانی هاووڵاتیانی کوردستان و پیادەکردنی مافی دیموکراسییان بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانیان. هەروەك سەرۆك کۆمار ستایشی رۆڵی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کرد لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان و بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم.
    هەر بەپێی بەیاننامەکە : سەرۆك کۆمار ئاماژەی بە بایەخی بەردەوامبوونی دیالۆگی کاریگەر لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان کرد وەک تاکە رێگایەك، کە دەبێتەهۆی چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و رەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی هەموو هاووڵاتیان.
    لەبەرامبەردا سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، کە گەیشتن بە چارەسەرێك بۆ کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و لێکتێگەیشتنە بەردەوامەکان دەبنەهۆی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم و هەوڵەکانیش بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی دیکە بەرەوپێشەوە دەبەن.
    هەروەک "نێچیرڤان بارزانی" رۆڵ و هەوڵەکانی سەرۆك کۆماری بەرزنرخاند لە گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر پرسی موچە و کۆششە بەردەوامەکانی بۆ نزیککردنەوەی بۆچوونی هێزە سیاسییەکان، هەروەها جەختی لە گرنگی بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاریکاری نێوان سەرجەم هێزە سیاسییەکانیش کردەوە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا و پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی بونیادنانەوە و ئاوەدانکردنەوە و جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتی فیدراڵی لەپێناو بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی.