سەرۆک کۆمار جەخت لەسەر پێویستی بەردەوامی کۆبوونەوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێم دەکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان کەماون

سیاسی
  • 7-04-2024, 13:48
  • +A -A

    بەغداد-INA
     ئەمڕۆ یەکشەممە "لەتیف جەمال رەشید " سەرۆك کۆمار،پێشوازیکرد لە " بافڵ جەلال تاڵەبانی "سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
    لەبەیاننامەیەکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی ، تیایدا هاتووە : لە میانی دیدارەکەدا، کە لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچو، باس لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابوریی عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی کرا و سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لە پێویستی بەردەوامی راوێژ و کۆبونەوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم و گرتنەبەری دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی دیکە لەپێناو بەرژەوەندی هەموو عێراقییەکان.
    وەک بەیاننامەکە ئاماژەی پێداوە : سەرۆك کۆمار ئەو هەوڵانەی بەرزنرخاند،کە بەشداربونە لە گەیشتن بە چارەسەرێکی گونجاو بۆ بابەتی تەرخانکردنی موچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و لێکتێگەیشتن سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کاریگەرییە ئەرێنییەکانی لەسەر سەقامگیریی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا.
    هەر بەپێی ناوەرۆکی بەیاننامەکە سەرۆك کۆمار ئاماژەیکرد بە پێویستی پتەوکردنی پەیوەندییەکان و چەسپاندنی هاریکاری نێوان دامەزراوەکانی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی کاری حکومەت لەپێناو دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان.
    هەروەک سەرۆك کۆمار جەختی لە گرنگی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان بە بەشداری ھەموو لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم کردەوە لەپێناو مسۆگەرکردنی شەفافیەتی پرۆسەکە و بەرجەستەکردنی خواستەکانی کورد لە ھەڵبژاردنی نوێنەرەکانیدا.
    لەبەرامبەردا سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان جەختیکردەوە، کە پێویستە بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی عێراق بخرێتە سەروو بەرژەوەندیی حزبی، ئاماژەی بەوەشدا، کە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو دۆسیە و بابەتانەی لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمدا ماون و مسۆگەرکردنی مافی گەلی کورد بە گوێرەی دەستور و ئەوەی لە یاسا پەیوەندیدارەکاندا هاتوە.
    هەروەها ئاماژەی بەوەدا، کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان پشتیوانی لە بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکانی هەرێم دەکات و پەرۆشە بۆ بەشداریکردنی هەموو هێزە سیاسییە کوردییەکان و دەستەبەرکردنی مافی بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا.