سەرۆكی هەرێم لەگەڵ فەرماندەی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا كۆبووەوە

سیاسی
  • 4-04-2024, 16:17
  • +A -A

    هەولێر - INA 
    ئەمڕۆ پێنجشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ جەنەراڵ جۆول ڤاوڵ فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا، دۆخی ئەمنی و سەربازیی ناوچەكە و هاوكاری و هەماهەنگیی هاوبەشیان، تاوتوێ كرد.
    نوسینگەی راگەیانی سەرۆكی هەرێم لەراگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ جەنەراڵ جۆول ڤاوڵ فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و شاندێكی یاوەری، دۆخی ئەمنی و سەربازیی ناوچەكە و هاوكاری و هەماهەنگیی هاوبەشیان، تاوتوێ كرد.
    ئاشكراشیكرد: لە كۆبوونەوەكەدا كە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری كاروباری پێشمەرگە ئامادە بوو، دوای پێشكەشكردنی پوختەیەك دەربارەی كار و چالاكییەكانی هاوپەیمانان لە ناوچەكە، هەردوولا لەسەر بەردەوامیی مەترسی و هەڕەشەكانی داعش لە عێراق و ناوچەكە هاوڕا بوون و پێویستیی هەماهەنگی و هاوكاریی‌ هاوپەیمانان لەگەڵ سوپای عێراق و پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكان‌، دووپات كرایەوە.
    لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا دوایین هەنگاو و پێشهاتەكانی پرۆسەی چاكسازیی وەزارەتی پێشمەرگە باس كرا. لەمبارەیەوە هەردوولا جەختیان لە پێویستی بەردەوامیی پرۆسەكە كردەوە و پاڵپشتیی خۆیان بۆ هەنگاوەكانی،‌ دەربڕی.
    هەورەها تاوتوێكردنی چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەست بە دۆخی ناوچەكە و جێی بایەخی هاوبەش، لایەنێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.