هەولێر -INA
ئەمڕۆ چوارشەممە ، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند جینۆسایدی كوردی فەیلی، تاوانێكی لەبیر نەكراوە
بارزانی بەبۆنەی ساڵیادی جینۆسایدی كوردی فەیلی پەیامێكی بڵاوكردەوە كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە تێیدا هاتووە"لە ( (44)مین ساڵڤەگەڕی جینۆسایدكردنی كوردی فەیلی، بە ڕێز و شكۆوە یادی هەموو ئەو خوشك و برایانەی كوردی فەیلی دەكەینەوە كە لە شاڵاوێكی دڕندانەی ڕژێمی پێشووی عێراق، تەنیا لەبەر كوردبوونیان و پشتگیریكردنی شۆڕشی گەلی كوردستان، دووچاری گرتن و كوشتن و بێسەروشوێنكردن و لێسەندنەوەی ناسنامە بوونەوە".
لە پەیامەكەدا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە "جینۆسایدی كوردی فەیلی، تاوانێكی لەبیر نەكراوە و بەشێكە لەو تاوانانەی كە بە ئامانجی لەناوبردن و سڕینەوەی ناسنامەی گەلی كوردستان ئەنجامدرا. بۆیە پێویستە حكومەتی عێراق بەرپرسیارێیتی ئەخلاقی و دەستووری خۆی جێبەجێ بكات و بە شێوەیەكی شایستە، قەرەبووی كوردی فەیلی و هەموو قوربانیانی دەستی ڕژێمی پێشووی بەعس بكاتەوە".
لە كۆتایی پەیامەكەیدا مسرور بارزانی رایگەیاند :"لە ساڵیادی جینۆسایدكردنی كوردی فەیلی، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردی فەیلی و گشت شەهیدانی كوردستان دادەنوێنین".