بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزیری گواستنەوە ڕەزاق محیبس سەعداوی، واژۆكردنی یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی نێوان كۆمپانیای گشتی بۆ بەڕێوەبردنی بەندەرەكانی عێراق و گروپی بەندەرەكانی ئەبوزەبی ڕاگەیاند.
وەزارەتەكە لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: وەزیری گواستنەوە ڕەزاق محیبس سەعداوی، پێشوازی لە وەزیری دەوڵەت بۆ بازرگانی دەرەكی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی سانی بن ئەحمەد زیودی كرد، بەمەبەستی تاوتوێكردنی كاری هاوبەش و بەرزكردنەوەی هاوكاری لە كەرتەكانی گواستنەوەدا.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە: لە كۆبوونەوەیەكدا هەردوولا باسیان لە بەهێزكردنی هاوبەشی ئابووری و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەكانی نێوان عێراق و ئیمارات لە كەرتەكانی گواستنەوەدا كرد.
بەپێی بەیاننامەكە، سەعداوی رایگەیاند: عێراق كاردەكات بۆ بەهێزكردنی توانا ئابوورییەكانی لەڕێگەی پڕۆژەی زەبەلاحەوە لەكەرتی گواستنەوەی دەریایی و كەشتیوانی، و وتیشی: پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان ئامانجی بەستنەوەی ڕۆژهەڵاتە بە ڕۆژئاواوە.
ڕوونیشیكردەوە: ئەم پرۆژەیە یەكێكە لە دیارترین پرۆژە ئابوری و لۆجستیكییەكان لە عێراقدا، كە پێویستی بە توانا و لێهاتوویی گونجاو هەیە.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە: كە كۆبوونەوەكە بریتی بوو لە واژۆكردنی یاداشتێكی لێكتێگەیشتن لە نێوان كۆمپانیای گشتی بۆ بەڕێوەبردنی بەندەرەكانی عێراق و گروپی بەندەرەكانی ئەبوزەبی، كە ئامانج لێی دابینكردنی شارەزایی پێویست بۆ كەرتی گواستنەوەی عێراقە بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆژەكان بە نوێترین شێوازی بەڕێوەبردن لە جیهاندا.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە: كە وەزیری بازرگانی دەرەكی ئیمارات جەختیكردەوە: كە ئامانجی سەردانەكەی بەهێزكردنی پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان ئیمارات و عێراق، و بەرزكردنەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵاتی برایە لەڕێگەی گەڕان بەدوای دەرفەتی هاوكاری كە بەرژەوەندی هاوبەش بەدەستبهێنێت.
لە بەشێكی تری بەیاننامەكەدا هاتووە، كە فەرحان فرتوسی بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای گشتی بۆ بەندەرەكانی عێراق ڕوونیكردەوە: هاوكاریكردن لەگەڵ گروپی بەندەرەكانی ئەبوزەبی ئامانجی پەرەپێدانی بەندەر و ناوچە ئابوورییەكانی عێراقە، و جەختیشیكردەوە: ئێمە پێكەوە كاردەكەین بۆ داڕشتنی سیاسەتێكی هاوبەشی كاركردن لەڕێگەی گرێبەست لەگەڵ هێڵە گەورەكانی كەشتیوانی نێودەوڵەتی، بەمەبەستی ڕەخساندنی دەرفەتی نوێ بۆ بەرزكردنەوەی بازرگانی و وەبەرهێنان و بەدەستهێنانی گەشەی ئابووری و خۆشگوزەرانی بۆ وڵات.
لە بەرامبەردا، كاپتن محەمەد جومعە ئەلشامسی، سەرۆكی جێبەجێكاری گروپی بەندەرەكانی ئەبوزەبی رایگەیاند: یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن كاردەكات بۆ بەرزكردنەوەی بازنەی هاوكارییەكانمان و پابەندبوونمان بە بەهێزكردنی پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی برا.