قوباد تاڵەبانی و پلاسخارت پرسی هەڵبژاردن و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوێ‌ دەكەن

سیاسی
  • 3-04-2024, 19:46
  • +A -A

    هەولێر - INA 
    قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم و جێنین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق، پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوێ‌ دەكەن.
    نوسینگەی راگەیاندنی قوباد تاڵەبانی لە راگەیانراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی كرد لە جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا لەسەر پرسی هەڵبژاردنەكانی خولی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا گفتوگۆیان كرد.
    ئاشكراشیكرد: لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی چوارشەمە لە هەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی ستایشی جێنین پلاسخارتی كرد لە هەوڵەكانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و نزیككردنەوەی بۆچوونی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و عێراق، و ئاماژەی بەوەشدا: كە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەم هەوڵانە كاریگەری هەبووە لەسەر سەقامگیری عێراق و هێوركردنەوەی زۆرێك لە بارگژییە سیاسییەكان.
    سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنەكانی خولی داهاتووی پەرلەمانی كوردستانیش، جێگری سەرۆك وەزیران جەختیكردەوە، لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا.
    هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، كە لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كرا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆكان بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتی هەموو كێشەكان و بە تایبەتیش كێشە داراییەكان كە لەئێستادا هەنگاوی باش نراوە بەو ئاڕاستەیە.