هەولێر - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سوپاسی سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سوودانی كرد دوای گەیشتن بە چارەسەرێكی گونجاو سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
بەپێی بەیاننامەیەكی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێم كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی نێردراوە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەڵێت: دوای هەوڵ و كۆششێكی زۆر، بە هاوكاریی هەردوو تیمی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی فیدراڵ و تیمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، توانرا چارەسەرێكی گونجاو بۆ كێشەی خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت.
وتیشی: سوپاسی سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ محەمەد شیاع سوودانی و هەموو ئەو هێز و لایەنانە دەكەم كە هاوكار بوون تاكوو پێكەوە بتوانین بە سەر ئەو كۆسپ و تەگەرانەدا زاڵ ببین.
رونیشیكردەوە: لە ماوەی ڕابردوودا، هەوڵی زۆر دراوە كە هاووڵاتییانی هەرێم نائومێد بكرێن، بۆیە جارێكی دیكەش سوپاسی خۆڕاگریی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دەكەم.
لەم دوو ڕۆژەدا دابەشكردنی مووچەی مانگی شوبات كۆتایی دێت و هەوڵ دەدەین بەر لە جەژن، دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئاداریش بكرێت.