بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕاوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیران مەزهەر محەمەد ساڵح، تەئكیدیكردەوە: كە بانكی نێودەوڵەتی ڕۆڵێكی ئەرێنی و پاڵپشتیكار بۆ ئابووری عێراق دەگێڕێت، تیمەكەشی لە بەغدا نوێنەرایەتی باڵی ڕاوێژكاری بەرنامەی حكومەت دەكات.
ساڵح بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: گرووپی بانكی نێودەوڵەتی لە عێراق پەیوەندییە نوێیەكەی لەگەڵ وڵاتەكەمان دەستپێكرد بەپێی ئەوەی لە بڕیارنامەی 1483ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان لە مانگی ئایاری 2003دا هاتووە، هەروەها ئەركی كۆكردنەوەی هاوكاری دارایی و تەكنیكی لە ئەستۆ دەگرێت بۆ پشتیوانیكردن لە هەوڵەكانی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بە ئابووری و بنیاتنانی بناغەكانی و كەمكردنەوەی بارگرانی قەرزەكانی بە هاوكاری لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی.
ئاماژەی بەوەشكرد: دوای ساڵانێك لە شەڕ و ململانێكان كە كاریگەرییان لەسەر ژێرخانی وڵات هەبوو لە هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو و دابڕانی عێراق لە جیهان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە فرەلایەنەكان، بانكەكە بەشداری كرد لە گرتنەبەری ڕۆڵی كارای خۆی لە دوای ساڵی 2003 بەتایبەتی لە بەڕێوەبردنی ژمارەیەك لە سندوقەكانی دارایی گەشەپێدان بۆ سوودی ئابووری وڵاتەكەمان.
وتیشی: ئەمە بە بەڕێوەبردنی ئەو پارانەی وڵاتانی بەخشەر لە چوارچێوەی كۆنفرانسی بەخشەرانی مەدرید كە لە ئۆكتۆبەری 2003 بەڕێوەچوو، پێشكەشی عێراقیان كرد، یان بە بەشداریكردن لە پشتیوانیكردنی كەرتی تایبەت لە ڕێگەی ئەو ڕۆڵەی كە دەزگای دارایی نێودەوڵەتی (IFC) وەك یەكێك لە باڵی گروپی بانكی نێودەوڵەتی كە چالاكە لەگەڵ كەرتی تایبەت، هەروەها لە ڕێگەی ڕۆڵی بانكی نێودەوڵەتی پابەندە بە پشتگیریكردنی هەندێك لایەنی گەشەپێدان و ئاسانكاری سەقامگیری لە ئابووریماندا، لەوانەش پێشكەشكردنی قەرزی نەرم كە لەلایەن بانكی نێودەوڵەتییەوە دابینكراوە بۆ پشتگیریكردنی ئابووری نیشتمانی لە بۆنە جیاوازەكاندا لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا، بە تایبەتی لە كاتی دوو قەیرانی دارایی و ئەمنیدا بۆ روبەڕوبوونەوەی باندە تیرۆریستییەكانی داعش و دابەزینی نرخی نەوت لە دوای ساڵی 2014.
ئاشكراشیكرد: بانكی نێودەوڵەتی ڕۆڵی گێڕاوە لە باشتركردنی بەڕێوەبردنی ژیانی ئابووری و بنیاتنانەوەی پێداویستییەكانی سەردەمی دیجیتاڵی و گەشەپێدانی بەهێزتر و مۆدێرنتر بۆ بەرژەوەندی وڵاتەكەمان لە زۆر بواردا، جگە لە بەشداریكردن لە بنیاتنانەوە لە ڕێگەی بەهێزكردنی بەرنامەكانی خۆشگوزەرانی كۆمەڵایەتی و دابینكردنی پلان و بەرنامە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی دژە هەژاری.
ئاماژەی بەوەشكرد: بانكی نێودەوڵەتی لە نزیكەوە لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەكان كاردەكات بۆ پشتگیریكردن لە چاكسازییە ئابوورییەكان، بەتایبەتی لە كەرتەكانی دارایی و بانكی و دارایی گشتیدا.
ساڵح لە درێژەی قسەكانیدا وتی: بانكی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ تەنها دامەزراوەیەكی دارایی نییە، بەڵكو بانكێكە كە زانست و ئامرازەكانی دابین دەكات لەسەر بنەمای ئەزموونە كەڵەكەبووەكەی كە گەیشتووەتە نزیكەی هەشتا ساڵ، لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە ساڵی 1945ەوە عێراق لە پێشەنگی وڵاتانی دامەزرێنەری گروپی بانكی نێودەوڵەتی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، و بەم شێوەیە سەیری بانكەكە دەكرێت بانكی نێودەوڵەتی لە ئێستادا بە "بانكی زانیاری" دادەنرێت.
راشیگەیاند: تیمی بانكی نێودەوڵەتی كە لە عێراق كاردەكات، وەك باڵی ڕاوێژكاری بەرنامەی ئێستای حكومەت كاردەكات، هەروەها ئەو بناغە چاكسازیانەی كە لە ئێستادا لە حكومەتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران پەسەندكراون، بە تایبەتی لە بواری چاكسازیدا، جا چ لە حوكمڕانی و چاكسازی لە دامەزراوەكانی كەرتی گشتی، دامەزراوەكانی بازاڕ، و سیستەمی دارایی حكومەت بەپێی باشترین پراكتیزە نێودەوڵەتییەكان، و وتیشی: ئەم جۆرە هاوكارییە لە پەیوەندییە دوولایەنە ئەرێنییەكانی نێوان گروپی بانكی نێودەوڵەتی و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان وەك وەزارەتەكانی دارایی و پلاندانان، هەروەها وەزارەتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی، و ڕێكخراوە پەیوەندیدارەكانی بازاڕدا سەریهەڵداوە.
عامری سهردانی ناوچهی سنووری قائیم دهكات