بهغدا-INA
سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید ئامادەی رێوڕەسمی 43یەمین ساڵیادی دامەزراندنی رێکخراوی بەدر بوو، کە شەوی پێنجشەممە 28-3-2024 لە بەغداد بەڕێوەچوو.
سەرۆك کۆمار لە رێوڕەسمەکەدا وتەیەکەی پێشکەشکرد و جەختیکردەوە، ئەمڕۆ، رۆژانی جیهاد و ساتەکانی شەرەفمەندبون بەبیردەهێنینەوە، کە عەرەب و کورد و پێکهاتەکانی دیکەی گەلی عێراق بە یەکگرتوویی وەستاین بۆئەوەی زوڵم رەتبکەینەوە و دژی ستەمکاری راپەڕین. ئەمەش دەقی وتەکەی سەرۆك کۆمارە:
بەناوی خوای بەخشندەو میهرەبان
سڵاوی خوای گەورەتان لێبێت
رەمەزانتان پیرۆزبێت و هەموو ساڵێك بەخێر و خۆشی بێت بۆ عێراق و گەلەکەمان
خوشك و برایانی ئامادەبوو
ئەمڕۆ بۆ یادی 43 ساڵەی دامەزراندنی رێکخراوی بەدر کۆبوینەتەوە، ناوەکەی پەیوەستە بە بۆنەیەکی ئازیز لەناو دڵی موسڵمانان و ئازادیخوازانی جیهاندا، کە نادادپەروەری رەتدەکەنەوە لەپێناو ژیانێکی ئازاد و شکۆمەندانەدا، ئەم رێکخراوە و سەرکردەکانی شەرەفی بەشدارییان لە روخاندنی رژێمێکی تۆتالیتاریدا هەبوو، کە رۆڵەکانی وڵاتەکەی دەکوشت و ئاوارەی دەکردن، چونکە زوڵم و ستەمکارییان رەتکردەوە لەپێناو بەدیهێنانی دیموکراسی بۆ عێراق.
ئەمڕۆ، رۆژانی جیهاد و ساتەکانی شەرەفمەندبون بەبیردەهێنینەوە، کە عەرەب و کورد و پێکهاتەکانی دیکەی گەلی عێراق پێکەوە بە یەکگرتوویی وەستاین بۆئەوەی زوڵم رەتبکەینەوە و دژی ستەمکاری راپەڕین و ژیانێکی شایستە بەدیبهێنین، هەروەها بیری نەوەکانی دەهێنینەوە، بە ئەزموونی دیموکراسی ئەمڕۆی عێراق نەدەگەیشتین ئەگەر ئەو قوربانیدانانەی پیاوانی تێکۆشەر نەبوایە، کە بەرامبەر زوڵم وەستانەوە و ستەمکارییان رەتکردەوە و کاریان کرد بۆ بنیاتنانی نیشتمانێکی سەربەخۆ، کە تێیدا گەل بە ئازادی لەسەر خاکی خۆی بژی.
برایانمان لە رێکخراوی بەدر لە بەرەنگاربونەوەی دەسەڵاتی دیکتاتۆریدا هەڵوێستی گەورەیان هەبوو، لەگەڵیان بەشداربوین و بە هەمان شێوە بەشداربون لەگەڵماندا لە ساتەکانی جیهاد لە ناو زۆنگاوەکان و دەشت و شاخەکاندا، لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، پێکەوە یادەوەرییە جیهادییەکانمان دەنوسییەوە لەسەر رێگای رزگارکردنی وڵات لەژێر چنگی دەسەڵاتێك، کە تاوانی دەرهەق بە گەلەکەی ئەنجامدا و هەوڵی قڕکردنی پێکهاتەکانی دا، جارێک لە پرۆسە بەدناوەکانی ئەنفالدا، کە زیاتر لە 180 هەزار کەس لە ژن و منداڵ و بە تەمەن بونە قوربانی و جارێکی دیکە لە روبەڕوبونەوەی راپەڕینی گەل لە رەمەزانی ساڵی 1991، سێیەم جاریش بە چەکی کیمیاوی لە شاری هەڵەبجە، کە چەند رۆژێک لەمەوبەر یادی 36ەمین ساڵەی قوربانییەکانیمان کردەوە، زۆر رووداوی دیکەش هەن.
خوشکان و برایان، ئامادەبووان
سەرکردەکانی رێکخراوی بەدر بە لەپێشەوەیاندا بەڕێز هادی عامری و بە هاوبەشی لەگەڵ براکانیان لە بزوتنەوە و هێزە نیشتمانییەکانی دیکە لە سەرانسەری وڵاتدا، پێشەنگ بون لە دامەزراندنی ئەو پرۆسە سیاسییەی دوای روخانی رژێم لە ساڵی 2003دا هاتەئاراوە، هەروەها لەگەڵ براکانیان بەشداربون لە نوسینی دەقەکانی دەستور لە ساڵی 2005 و داڕشتنی سیماکانی سیستەمی نوێی سیاسی، دووریش نەبون لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان و بەشداریکردن لە دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان.
رۆڵی رێکخراوی بەدر بەوەوە نەوەستا، بەڵکو یەکێک بوو لە پێشەنگەکان، کە روبەڕوی تیرۆریستانی قاعیدە و داعش بووەوە، خوێنی رۆڵەکانیشی لەگەڵ خوێنی براکانیان لە سوپا و حەشدی شەعبی و پێشمەرگە و هێزە ئەمنییە جۆراوجۆرەکان تێکەڵاو بوو لەپێناو رزگارکردنی ئەو خاکەی لەلایەن رێکخراوە تیرۆریستییەکەوە داگیرکرابو، رەنگە زەحمەتترین ئەرك چەسپاندنی سیستەمی دیموکراسی و رێگریکردن بێت لە گەڕانەوەی دیکتاتۆریەت و قۆرخکردنی بڕیاردان، سەرەڕای پاراستنی ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی ئەمڕۆ عێراق بەخۆیەوەدەبینێت و بەردەوامیدان بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان.
ئومێدم بۆ برایانی سەرکردە و ئەندام و کادران لە بەدر، سەرکەوتن و بەردەوامییە. ئاشتی و خۆشگوزەرانیش بۆ گەلی عێراق. هەروەها دروود و ستایش بۆ شەهیدانی عێراق.
ئهنجوومهنی نوێنهران دانیشتنی خۆی دواخست