بەغداد - INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران گرنگترین ئەو كەرتانەی راگەیاند كە لە ئەولەویەتەكانی بودجەی ساڵی 2024 دایەو ئاماژەی بەوەشدا: كە هیوادارن هەفتەی داهاتوو خشتەی بودجە بگاتە پەرلەمان.
سەرۆكی لیژنەكە عەتوان عەتوانی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: لیژنەی دارایی و ئەنجومەنی نوێنەران پاڵپشتی پارێزگارەكان دەكەن، ئەمەش لە ڕێگەی تەرخانكردنی دارایی پێویست لە یاسای پاڵپشتی فریاگوزاری و لە بودجەی ساڵی 2023 بەرجەستەكراوە، كە تێیدا تەرخانكردنی دارایی بۆ پارێزگاكان و پارەی ئاوەدانكردنەوە بۆ ناوچە ئازادكراوەكان گەیشتە 10 ترلیۆن، وتیشی: ژمارەی پڕۆژەكان گەیشتوەتە نزیكەی پێنج هەزار و 500 پڕۆژە لە سەرتاسەری پارێزگاكان، بە كۆی تێچووی 49 ترلیۆن دینار.
ئاماژەی بەوەشكرد: كۆی گشتی بڕی خەرجكراو لە بودجەی 2023 ی ئەو 10 ترلیۆنە 3 ترلیۆن و 300 ملیار دینارە، كە بە بڕی 1 ترلیۆن و 300 ملیار دینار دابەشكراوە وەك چەكی كاری تەواوكراو و 2 ترلیۆن و 200 ملیار بۆ دابینكردنی دارایی پرۆژەكان تا كۆتایی ساڵی 2023، و وتیشی: كۆبوونەوەی ئەم دواییەمان لەگەڵ پارێزگارەكان بۆ ئەوە بوو كە پشتیوانی لیژنەی دارایی و ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پارێزگاكان دووپاتبكەینەوە بۆ لێكۆڵینەوە لەو بەربەستانەی ڕێگرن لە تەواوكردنی ئەو پڕۆژانە.
جەختیشیكردەوە: لیژنەی دارایی چاوەڕێی خشتەی بودجەیە لە حكومەتەوە، پێشبینیشمان دەكرد حكومەت لە دوایین كۆبوونەوەی سێشەممەی ڕابردوودا دەنگی لەسەر بدات.
ئاشكراشیكرد: دوو ڕێگا هەیە كە بودجە دەیگرێتەبەر بۆ پەسەندكردنی، ئەوانیش پەسەندكردنی بە پلاندانان و پارەدان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە، و وتیشی: بودجەی 2024 تیشك دەخاتە سەر كەرتی تەندروستی و پەروەردە و كارەبا و كەرتی نیشتەجێبوون بەپێی ئەولەویەت.
عەتوانی راشیگەیاند: میكانیزمی دابەشكردنی بڕی بودجە لە نێوان پارێزگاكان لە ڕێگەی ڕێژەی دانیشتووان و هەژاریی دەبێت، و وتیشی: لە بودجەی ساڵی 2023دا بڕە پارەی دیاریكراو بۆ سەرجەم پارێزگاكان زیادكرا، بەبێ گوێدانە ئەو ستانداردانەی كە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە پەسەندكراون، لەهەستكردنمانەوە بوو كە پارێزگاكان پێویستیان بە پاڵپشتی و تەرخانكردنی بڕە پارەیەكی پێویست هەیە بۆ پێشخستنی كەرتی خزمەتگوزاری.
ئاماژەی بەوەشكرد: ئەنجومەنی نوێنەران مافی ئەوەی هەیە بەپێی یاسای بودجە گواستنەوە لە نێوان وەزارەتەكاندا ئەنجام بدات، و هیواشی خواست، كە هەفتەی داهاتوو وادەی ناردنی بودجە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بێت، و وتیشی: هەندێك پارێزگا و وەزارەت هەن كە خەرجكردنیان ڕاگرتووە و چاوەڕێی پەسەندكردنی خشتەی بودجەن.
ئهنجوومهنی نوێنهران دانیشتنی خۆی دواخست