بەغداد - INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ئازادكردنی ژنێكی ڕفێندراو و كوڕەكەی و دەستگیركردنی ڕفێنەرەكەی لە زیقار ڕاگەیاند.
دەزگاكە لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: دوای ئەوەی زانیاری هەواڵگری لەسەر حاڵەتێكی ڕفاندنی ژنێك و كوڕەكەی و دەستبەسەركردنیان لەناو ماڵێكدا لە پارێزگای زیقار گەیشت، مەفرەزەكانی دەزگاكە بەدواداچوونیان كرد و زانیارییان لەسەر دۆسیەكە كۆكردەوە، و دوای پشتڕاستكردنەوەی دروستی زانیارییەكان، ڕەزامەندی دادوەری وەرگیرا بۆ چونە سەر ماڵەكە، و لەبەر ئەوەی ڕفێنەرەكە چەكدار بوو و نارنجۆكێكی هەڵگرتبوو، بۆ زیاتر لە ڕۆژێك خرایە ژێر چاودێرییەوە تاوەكو دەرفەتی هەڵمەتی سەر ماڵەكە ڕەخسا، لە ئەنجامدا ژنە ڕفێنراوەكە و منداڵەكەی ئازاد كران و و دواتر رفێنەرەكەش دەستگیركرا.
ئاماژەی بەوەشكرد: دوای لێكۆڵینەوەكان دەركەوت كە ڕفێنەرەكە مادەی هۆشبەری بەكارهێناوە و ژنە ڕفێنراوەكە كەسوكاری خۆیەتی و لە پارێزگای كەركوكەوە هاتووە بۆ سەردانی كەسوكارەكەی لە زیقار، دواتر برای هاوسەرەكەی رفاندویەتی و بۆ چەند ڕۆژێك لە ماڵەكەی خۆیدا دەستبەسەری كردووە و و دەستدرێژی كردووەتە سەر.
ڕوونیشی كردەوە: تۆمەتبار لەگەڵ ئەو چەك و حەبە ماددە هۆشبەرانەی پێی گیراوە، ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری كرا بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی یاسایی لە دژی بگرنەبەر.