بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران، تەئكیدیكردەوە: كۆی بودجەی ساڵی 2024 نزیكەی 228 ترلیۆن دینارە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی لیژنەی دارایی لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بە سەرۆكایەتی عەتوان عەتوانی، میوانداری محەمەد تەمیم جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری پلاندانانی كرد، بۆ تاوتوێكردنی ڕێگاكانی تێپەڕاندنی ئاستەنگەكانی بەردەم لیستكردن و داراییكردنی پڕۆژەكان، هەروەها تاوتوێكردنی هۆكاری دواكەوتنی ناردنی خشتەی بودجەی ساڵی 2024 بۆ لیژنەكە.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە: دوای ئەوەی عەتوانی لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا بەخێرهاتنی وەزیری پلاندانانی كرد، جەختیكردەوە: كە ئامانجی پەسەندكردنی بودجەی سێ ساڵی ئەوەیە كە نەرمی بدرێت بە حكومەت بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكەی.
وتیشی: دوێنێ لە كۆبوونەوە لەگەڵ پارێزگارەكان، لیژنەكە گفتوگۆی لەسەر ئاسانكردنی ڕێكارەكانی لیستكردن و دارایی پڕۆژە خزمەتگوزاری و ستراتیژییەكان كرد كە لەلایەن حكومەتە خۆجێییەكانەوە ئەنجام دەدرێن، هەربۆیە ئەمڕۆ پێشنیارەكانی پارێزگارەكان بۆ وەزیری پلاندانان دەخاتەروو سەبارەت بە ڕێگاكانی تێپەڕاندنی ئاستەنگەكانی بەردەم لیستكردن و داراییكردنی پڕۆژەكان.
بەگوێرەی بەیاننامەكە، عەتوانی پرسیارێكی ئاراستەی وەزیری پلاندانان كرد سەبارەت بە هۆكاری دواكەوتنی حكومەت لە ناردنی خشتەكانی بودجەی ساڵی 2024، هاوكات دووەمیان وەڵامی دایەوە كە لیژنەی حكومی بەرپرسیار لە پێداچوونەوە و وردبینی لەم خشتانە كار بۆ كەمكردنەوەی كورتهێنان دەكات كە دەگاتە 80 ترلیۆن دینار، چونكە بە كورتهێنانێكی گەورە دادەنرێت.
هاوكات عەتوانی وتی: لیژنەی دارایی بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی ناردنی خشتەی بودجەی ساڵی 2024 ە بە خێرایی، چونكە بەردەوامی دواكەوتنی كاردانەوەی نەرێنی زیاتری لەسەر دارایی و جێبەجێكردنی پڕۆژەكان هەیە، جگە لە كاریگەرییەكانی لەسەر كەرتەكانی بەرهەمهێنان.
راشیگەیاند: كۆی بودجەی ساڵی 2024 نزیكەی 228 ترلیۆن دینار بووە.
لە بەرامبەردا، وەزیری پلاندانان، محەمەد تەمیم، ستایشی ئەو ڕۆڵە سەرەكییەی لێژنەی دارایی پەرلەمانی كرد لە چاودێریكردنی خەرجییەكان و دانانی ئەولەویەتەكان و پاڵپشتیكردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەتەكەی.
ئاماژە بەوەشكرد: وەزارەتەكەی پشت بە بەرنامەیەكی ئەلیكترۆنی پێشكەوتوو دەبەستێت بۆ جێبەجێكردنی مەرجەكانی لیستكردنی پڕۆژەكان، و لەڕووی ئاسانكردنی ڕێكارەكانەوە ڕێگەیەكی دووری بڕیوە.