قوباد تاڵەبانی و باڵیۆزی بەریتانیا پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمان تاووتوێ دەكەن

سیاسی
  • 27-03-2024, 21:01
  • +A -A

    هەولێر - INA
    قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لەگەڵ ستیڤن هیچن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی تاووتوێ كرد.
    نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازی كرد لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا پرسی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و چەند پرسێكی دیكەی جێگەی بایەخی هەردوولا تاوتوێ كران.
    هەر لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی چوارشەمە لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا جەیمس گۆڵدمان، كونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێم ئامادەی بوو، قوباد تاڵەبانی جەختی كردەوە لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان لەو وادەیەی كە لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمەوە دیاری كراوە.
    سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداش، جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەدا هەوڵەكان بەردەوامن بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكان و بە تایبەتیش چارەسەركردنی كێشەی بودجە و جەختیشی كردەوە هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوەیە كێشەی بودجەی هەرێم و موچەی فەرمانبەران بە شێوەیەكی بنەڕەتی چارەسەر بكەن.
    هەر لە كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی سوپاسی بەریتانیای كرد بۆ هاوكارییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان و بە تایبەتیش لە هەوڵەكانیان بۆ دروستكردنی لێكتێگەیشتنی زیاتر لەنێوان هەرێم و بەغدا.