بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، لیژنەی چاكسازی ئەمنی ستراتیژی چاكسازی كەرتی ئەمنی پەسەند كرد، و هاوكات فەرماندەی گشتی هێزەچەكدارەكان محەمەد شیاع سودانی تەئكیدیكردەوە: رێبازی چاكسازی لە دەزگا ئەمنییەكان بەشێكی دانەبڕاوە لە چاكسازی لە كەرتەكانی تردا.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزەچەكدارەكان محەمەد شیاع سودانی، سەرپەرشتی كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای چاكسازی ئەمنی كرد، و لە كۆبوونەوەكەدا پێداچوونەوە بە جێبەجێكردنی چاكسازییەكان لە كەرتە ئەمنییەكاندا كرا، وەك بەشێك لە پێداویستییەكانی سیستەمی ئەمنی عێراق لە قۆناغی دوای سەركەوتن بەسەر داعشدا، و گواستنەوە بۆ قۆناغی ئاوەدانكردنەوەو جوڵەی ئابووری و گەشەپێدان.
بەیاننامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: لیژنەكە ستراتیژی چاكسازی كەرتی ئەمنی ساڵی 2024 - 2032ی پەسەند كرد، ئەم ستراتیژە لەسەر بنەمای ئەنجامدانی چاكسازییەكی هەمەلایەنەیە لە سیستەمی ئەمنی، بە شێوەیەك كە لەگەڵ پێكهاتەكان و پێداویستییەكانی سیستەمی دیموكراسیدا بگونجێت، كە لە ڕووی لێپرسینەوە و شەفافیەت و ڕەچاوكردنی بنەماكانی مافی مرۆڤ، و هەروەها لەسەر بنەمای پەرەپێدانی تواناكان دامەزراوە.
هەر بەپێی بەیاننامەكە، لە كۆبوونەوەكەدا سودانی جەختیكردەوە: كە ڕێبازی چاكسازی لە دەزگا ئەمنییەكان بەشێكی دانەبڕاوە لە چاكسازی لە باقی كەرتە ئابووری و دارایی و كۆمەڵایەتییەكان، بەتایبەتی كە ئەم هەنگاوانە هاوتەریبن لەگەڵ پەرەپێدانی ئەمنی و تواناكانی شەڕی دەزگا ئەمنییەكانمان و هێزە چەكدارەكانمان بەگشتی.
بەیاننامەكە روونیشیكردەوە: هەر لە كۆبوونەوەكەدا گفتووگۆكرا لەبارەی لایەنی چەكداری و ئەو پێداویستیانەی كە لە لایەن ئەو ئەركانەی بە دەزگا ئەمنییەكان سەپێنراون و پێشكەوتنی تەكنەلۆژی لەو بوارەدا، ئەوە جگە لە تاوتوێكردنی چەسپاندنی ئەركەكانی نێوان پێكهاتە سەربازیی و ئەمنییە جیاوازەكان، بەتایبەتی دوای پێشكەوتنەكان لە گواستنەوەی بەرپرسیارێتی ئەمنی لە شارەكاندا لە وەزارەتی بەرگرییەوە بۆ دەزگاكانی وەزارەتی ناوخۆ و پۆلیسی محەلی.
ئاشكراشیكرد: لیژنەكە جەختی لەسەر پێویستی دەركردنی یاسای پێویست بۆ سەرجەم كەرتەكان و دەزگا ئەمنییەكان كردەوە، بەگوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان.
ئهنجوومهنی نوێنهران دانیشتنی خۆی دواخست