سه‌رۆك كۆمار جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی به‌رجه‌سته‌كردنی سه‌قامگیری ئه‌منی ده‌كات

سیاسی
  • 26-03-2024, 20:30
  • +A -A

    به‌غدا-INA
    سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازیکرد لە کەریم علێوی محەمەداوی سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەران و وەفدێکی یاوەری کە لە ئەندامانی لیژنەکە پێکهاتبوو.
    نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك كۆمار له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی ناردووه‌، راگه‌یاندووه‌" لە میانەی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە 26-3-2024 لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچوو، باس لە دۆخی ئەمنی وڵات کرا و سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی چەسپاندنی ئەو سەقامگیرییە ئەمنییەی لە شارەکانی عێراق بەدیهاتوە لەڕێگەی یەکگرتوویی و یەکخستنی ریزەکانی نێوان سەرجەم هێزە سیاسییەکان و کۆمەڵگە و کارکردن بۆ پشتیوانیکردن لە هێزەکانی ئاسایشی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانیەوە.
    سەرۆك کۆمار ئاماژەی بەوەدا، سەرۆکایەتی کۆمار نامەی زۆری لە خانەوادەی دەستبەسەرکراوانەوە پێگەیشتوە و پشتڕاستی دەکەنەوە کە سەرەڕای کۆتاییهاتنی ماوەی حوکمەکانیان، بەڵام ئازاد ناکرێن، هەربۆیە لەسەر بنەمای رۆڵی سەرۆکایەتی کۆمار، لیژنەیەک پێکهێنرا کە نوێنەرانی سەرۆکایەتی کۆمار، وەزارەتەکانی ناوخۆ و داد و ئەنجومەنی باڵای دادوەری و راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی لەخۆدەگرێت و چەندین کۆبونەوە ئەنجامدران و لەئەنجامدا نزیکەی (9) هەزار لە راگیراوان، ئازادکران.
    سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لە بایەخی رۆڵی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لە دەرکردنی یاساکان، کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی هاووڵاتیان هەیە، سەرەڕای گەیاندنی پێداویستی و داخوازیی هاووڵاتیان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان.
    هەروەها سەرۆك کۆمار باسی لە  پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان کرد و رونیکردەوە، بابەتی هەڵپەسێردراو لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمدا هەیە، هەردوولاش ویستی چارەسەرکردنی کێشەکانیان هەیە بەگوێرەی دەستور و یاسا و دیالۆگ و لێکتێگەیشتن بەتایبەتی لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، ئاماژەی بەوەشدا، کە زۆر پێویستە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت.
    سەرۆك کۆمار هیوای خواست، هەردوولا بگەنە چارەسەری جێ رەزامەندی بۆ پێدانی شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هەروەك یاساکانیش پەسندبکرێن بۆ نمونە یاسای نەوت و گاز.
    لەلای خۆیانەوە ئەندامانی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پشتیوانی خۆیان بۆ پێشنیارەکانی بەڕێز سەرۆك کۆمار سەبارەت بە پێویستی یەکخستنی هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی بەدەستهاتوو دەربڕی، هەروەها وردەکارییان سەبارەت بە کارەکانی لیژنەکە لە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەو پڕۆژەیاسایانە کاری لەسەر دەکەن، بۆ بەڕێز سەرۆك کۆمار خستەڕو.