بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، دادگای باڵای فیدراڵی، تەئكیدیكردەوە: كە كەوتوەتە بەر هێرشی میدیایی ناوخۆیی و دەرەكی بۆ بێهیواكردنی لە تەواوكردنی ئەركە دەستوورییەكانی.
دادگاكە لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: مەبەست لە پیادەكردنی دەسەڵاتەكانی بریتییە لە جێبەجێكردنی دروستی دەستوور، و دەستەبەركردنی یەكگرتوویی عێراق و بنیاتنانی سیستمێكی كۆماری دیموكراتی، نوێنەرایەتی پەرلەمانی، لەسەر بنەمای گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات و دابەشكردنی دادپەروەرانەی سەروەت و سامان، جگە لە بناغە دەستوورییەكانی دیكە، بە مەبەستی بنیاتنانی دەوڵەت بە شێوەیەك كە دادپەروەری بەدەست بهێنێت، بۆ لابردنی ستەم و پاراستنی سامانی گشتی و بەكارهێنانی بۆ بەرژەوەندی خەڵك و بەدەستهێنانی سەروەری یاسا.
رونیشیكردەوە: ئەمە وا دەخوازێت هەموو دەسەڵاتداران پابەندبن بە سنووری دەسەڵاتە دەستوورییەكانیانەوە و دەسەڵاتە خۆجێییەكان نابێت دەسەڵاتە تایبەتەكانی دەسەڵاتی فیدراڵی بەكاربهێنن، چونكە ئەمە پەیوەندی بە سەروەری و یەكڕیزی وڵاتەوە هەیە، لەكاتێكدا دەسەڵاتە خۆجێییەكانی هەرێمەكان یان ئەو پارێزگایانەی كە لە هەرێمێكدا ڕێكنەخراون، دەبێت دەسەڵاتەكانی دیكە بەكاربهێنن و دەسەڵاتە هاوبەشەكانی نێوان دەسەڵاتە فیدراڵی و ناوخۆییەكان لەبەرچاو بگرن.
ئاماژەی بەوەشكرد: لەئەنجامی ئەو بڕیارانەی كە بۆ پاراستنی دەستوور دراوە، روبەڕووی هێرشێكی میدیایی ناوخۆیی و دەرەكی بوینەتەوە بۆ بێهیواكردن لە جێبەجێكردنی ئەركە دەستوورییەكانی بەرامبەر بە میللەت و گەل، ئێمە پێمان وایە ئەم هێرشە بە سیاسی كراوە و ئامانجی زیانگەیاندنە بە ناوبانگی دادگای باڵای فیدراڵی و شەرعیەتەكەی، بە پێشێلكردنی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری دادەنرێت، ئەمەش پێویستی بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی پێویست هەیە بۆ ڕێگریكردن و پووچەڵكردنەوەی.