هەولێر - INA
ئەمڕۆ چوارشەمە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەبەیاننامەیەكدا پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی لە هەموو پێكهاتەكانی گەلی كوردستان كرد.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی هەرێم لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، رایگەیاند: نەورۆز، جەژنی نەتەوەیی و سەری ساڵی تازەی كوردی، بە گەرمی لە خێزان و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان، لە هەر كوردێك و هەموو پێكهاتەكانی گەلی كوردستان لە هەركوێ بن، پیرۆز دەكەم. هیوای ساڵێكی تازەی پڕ لە خۆشی و تەندروستیی باش، ئارامی و ئاسوودەیی و سەركەوتن بۆ هەمووان دەخوازم.
نێچرڤان بارزانی وتیشی: ئەمڕۆ كە بە دۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕین، داوا لە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەم، بە گیانی بەرپرسیاریەتیی نیشتمانی و بە لێكگەیشتن، ناكۆكییەكان چارەسەر بكەن تا بتوانین پێكەوە ڕووبەڕووی هەڕەشە و ئاڵنگارییەكان ببینەوە و فیدراڵی و قەوارەی سیاسی و ماف و دەسكەوتە دەستوورییەكانمان بپارێزین. هەمووان لە هەمان كەشتیداین و ئەگەر هاوهەڵوێست و یەكڕیز باین، دۆخەكە بە ئەمڕۆ نەدەگەیشت.
رونیشیكردەوە: گەلی كوردستان هەرگیز واز لە ئازادی و مافەكانی ناهێنێت. مێژوو سەلماندوویەتی تا نكۆڵی لە كورد و كوردستان بكرێت و مافەكانی پێشێل بكرێت، عێراق خۆشی و سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت. با هەموومان لە عێراق لە هەڵەكانمانەوە فێر ببین. جێبەجێنەكردنی دەستوور و فیدراڵی و ڕێككەوتنە سیاسییەكان، دەستیدەستیكردن بە شایستەكان و هەوڵی بچووككردنەوەی هەرێمی كوردستان و پێشێلكردنی مافە دەستوورییەكانی، جگە لە زیان هیچ سوودێكی بۆ عێراق نابێت.
دووپاتیشیكردەوە: لەم جەژنە پیرۆزەدا جەخت لە بڕوا و سیاسەتی نەگۆڕمان دەكەینەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە لە ناوچەكە فاكتەری ئارامی و سەقامگیری دەبێت. خوازیاری پەیوەندیی باش و دۆستانە و دراوسێیەتیی باشە لەسەر بنەمای ڕێز و بەرژەوەندیی هاوبەش. هەر لەم بۆنەیەدا پیرۆزبایی لەو گەلانەش دەكەین كە جەژنی نەورۆز دەگێڕن و ئەم یادە دەكەنەوە.
وتیشی: سوپاسی تێگەیشتن و گیانی بەرپرسیاریەتی و خۆڕاگریی فەرمانبەران و خەڵكی كوردستان دەكەم. لە نزیكەوە ئاگاداری باری ژیان و گوزەرانیانین. چارەسەركردنی ئەم دۆخە، كاری لەپێشینەی هەموومان لە هەموو دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانە. دڵنیایان دەكەمەوە كە ئەم سەختیانەش تێدەپەڕن و دەبنە ڕابردوو. بە ئومێدەوە بەرەو ژیان و داهاتوویەكی باشتر هەنگاو دەنێین و كوردستان بۆ هەمیشە وڵاتی پێكەوەژیان و لێبوردەیی و فرەیی دەمێنێتەوە.