سەرۆك وەزیران داوای پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی جیهانی دەكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەڵای ماددە هۆشبەرەكان

سیاسی
  • 20-03-2024, 16:35
  • +A -A

    بەغداد - INA
    ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، تەئكیدیكردەوە: كە حكومەت پلانی بۆ لەخۆگرتنی گەنجان داڕشتووە، هاوكات داوای پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی جیهانی كرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەڵای ماددە هۆشبەرەكان.
    سەرۆك وەزیران لە وتارێكدا لە میانەی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی (لوتكەی سێیەمی دیموكراسی)دا، كە لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە بەڕێوەچوو، و وتارەكە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی نێردراوە، رایگەیاند: ئێمە سوپاسی رێكخەرانی ئەم لوتكەیە دەكەین و خۆشحاڵین بە بەشداریكردن تێیدا، و وتیشی: لوتكە بۆ هەموو گەلانی سەر زەوی گرنگە، وەك چۆن هیوادارین هەوڵەكانمان یەكگرتوو بن، لەپێناو گەیشتن بە ئامانجە بنەڕەتیەكانمان لە پێشكەوتن بەرەو جیهانێك كە تێیدا هەموو گەلان چێژ لە خۆشگوزەرانی و گەشەسەندن وەربگرن.
    رونیشیكردەوە: گەلان بە چەندین ئەزموون و ساتەوەختی سەرەكیدا تێپەڕیون كە كاریگەرییەكییان لەسەر رێرەوەكەیان بەجێهێشتووە، لەوانە گەلی عێراق، كە ئەزموونی گۆڕانكاریی سەختیان هەبووە كە دەرفەتی گەشەسەندن و پێشكەوتنی زۆریان لەدەستداوە، بەتایبەتی لە سەردەمی دیكتاتۆریدا، كە عێراقی نوقمی شەڕی بێمانا كرد كە كاریگەری نەرێنی لەسەر گروپی گەنجان هەبوو”.
    جەختیشیكردەوە: لەگەڵ ئازادكردنی عێراق و گەڕانەوەی بۆ ڕیزەكانی جیهان دوای دابڕانێكی درێژ، ئێمە خۆمان وەك حكومەت لەبەردەم ڕاستییەكی بەرچاو و گرنگدا دۆزییەوە، ئەویش ئەوەیە كە كۆمەڵگای عێراقی یەكێكە لەو كۆمەڵگا گەنجانەی كە تێیدا ڕێژەی گەنجان دەگاتە لە سەدا شەست، كە ئەمەش سامانێكی گەورەیە كە پێویستی بە پابەندبوون هەیە بۆ لەخۆگرتنی وزەی گەنجان بە سەركەوتوویی.
    هێمای بۆ ئەوەشكرد: ئەم حكومەتەی ئێستا، هەر لە سەرەتای كارەكانییەوە، پلان و بەرنامەی داڕشتووە بۆ لەخۆگرتنی گەنجان و سود وەرگرتن لە وزەكەیان لە بنیاتنانی عێراقدا، كە چەند ساڵێك لەمەوبەر دڕندەترین شەڕی وجودگەرایی سەریهەڵدا، دوای ئەوەی چەتەكانی تیرۆریستانی داعش دەستیان بەسەر ناوچەیەكی فراوانی وڵاتدا گرت.
    وتیشی: بەرنامەی حكومەت چەندین پایەی تێدایە كە گەنجان بە ئامانجی خۆی وەردەگرێت، بۆ نموونە ساڵی ڕابردوو بۆ یەكەمجار لە مێژووی عێراقدا ئەنجومەنی باڵای لاوانمان پێكهێنا، كە ئەركی داڕشتنی پلان و بەرنامە و بەكارهێنانی وزەی گەنجانە لە وڵاتەكەماندا.
    جەختیشیكردەوە: ئێمە سوربووین لەسەر ئەوەی ئەم ئەنجومەنە لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە سەرۆكایەتی بكرێت، و لە پێكهاتەی جێبەجێكردنیدا وەزیران و سەرۆكی ئۆرگانەكان و ڕاوێژكاران بگرێتەوە.
    ئاماژەی بەوەشكرد: ئەنجومەنەكە چەندین بڕیار و دەستپێشخەری گرنگی گرتۆتەبەر كە یارمەتیەر دەبێت بەرەو ڕەخساندنی دەرفەتی ڕاستەقینە بۆ گەنجان.
    سەبارەت بە چالاكی زانستی گەنجان، سەرۆك وەزیران رایگەیاند: دەستپێشخەرییەك  هەیە بۆ ناردنی پێنج هەزار خوێندكار، لە پسپۆڕی جۆراوجۆر، و لە هەردوو ڕەگەز، بۆ ناردنیان بۆ باشترین زانكۆكانی جیهان بۆ بەدەستهێنانی زانستە سەردەمییەكان و ئاگاداربوونیان لێی و گرنگترین پێشهاتەكان لە بوارە زانستییە وردەكاندا، مانگی ڕابردوو وەجبەی یەكەمیان گەیشتن، كە چوار سەد خوێندكاری سكۆلەرشیپی نێر و مێی تێدابوو، لە ناوچە جیاوازەكانی عێراقەوە نیردران.
    وتیشی: ئێمە ستراتیژی نیشتمانیمان بۆ پەروەردە چالاك كردووە، كە تا ساڵی دوو هەزار و سی و یەك بەردەوام دەبێت، لە پێناو دابینكردنی ژینگەی پەروەردەیی گونجاو و لەخۆگرتنی گەنجان، ستراتیژێكی هەمەلایەنەیە كە كاردەكات بۆ مۆدێرنكردنی پایەكانی پرۆسەی پەروەردەیی.
    رونیشیكردەوە: سەبارەت بە ژینگەی كاریش حكومەتەكەمان چەندین چاكسازی داڕشتووە بە ئامانجی پەرەپێدانی كەرتی تایبەت و هەڵگرتنی كۆت و بەندەكانی سەر كارەكانی، بەمەبەستی ڕەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجانی دەرچوو، بیرۆكەی ئێمە بوژاندنەوەی كەرتی تایبەت و دابینكردنی ئاسانكارییە بۆی، كە لە ئەنجامدا ئەمڕۆ هەلی كاری زۆر ڕەخساندووە بۆ گەنجان، هەروەها دەستپێكردنی كۆمەڵێك دەستپێشخەری دامەزراندن بۆ گەنجان، وەك دەستپێشخەری ریادە، و دەستپێشخەرییە تایبەتەكانی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، كە هەموو ئەمانە دەستپێشخەرییەكن كە پشت دەبەستن لەسەر بیرۆكەی داهێنان و بەكارهێنانی وزە و لێهاتووییەكانی گەنجان.
    جەختیشیكردەوە: ئەو گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییانەی كە جیهان شاهیدییەتی، شێوازی تایبەتی ژیان و سەلیقەی بەسەر ئێمەدا سەپاندووە، و هەڕەشەی كۆمەڵایەتیشی بۆ دروستكردووە، كە ڕەنگە مەترسیدارترینیان بەڵای ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەروە دەروونییەكان بێت، كە بووەتە هۆی كوشتنی ملیۆنان گەنج لە سەرانسەری جیهان، بۆیە  لەم ڕوانگەیەوە داوا دەكەین، هاوپەیمانییەكی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ژەهر و ئافاتانە دروست بكرێت كە كۆمەڵگاكان و بەتایبەت گروپەكانی گەنجان وێران دەكەن.
    لە كۆتاییدا راگەیاند: كارەساتی گەلی فەلەستین لە غەززە، و ئەو كوشتار و دەستدرێژی و جینۆسایدە سیستماتیكە كە گەنجانی ئەوێ ڕووبەڕووی دەبنەوە، پێویستی بە هەڵوێستێكی ئەخلاقی جددی و بەرپرسیارانەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە، و وتیشی: جارێكی تر سوپاس و پێزانین بۆ هەموو لایەك، بەتایبەتی سەرۆك كۆماری كۆریا یۆن سوك یۆل، بۆ میوانداریكردنی ئەم لوتكەیە.