پەیامی نێچیرڤان بارزانی بۆ یادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە

سیاسی
  • 16-03-2024, 11:12
  • +A -A

    هەولێر - INA
    لە (36)هەمین ساڵیادی مەرگەسات و تاوانی سامناكی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا، سەری ڕێز نەوازش بۆ گیانی پاكی زیاتر لە پێنج هەزار شەهیدی هەڵەبجە و تەواوی شەهیدانی كوردستان دادەنوێنین، بە ڕێز و شكۆدارییەوە یادیان دەكەینەوە، سڵاو بۆ خێزان و كەسوكاریان و بۆ هەموو ئەو قوربانییانە دەنێرین كە هێشتا بە شوێنەوار و پاشماوە و نەخۆشییەكانی ئەو تاوانەوە دەناڵێنن.
    كیمیابارانكردنی هەڵەبجە ئەڵقەیەكە لە زنجیرەیەك تاوان و جینۆساید و ئەنفال و زیندەبەچاڵكردن كە زۆر دڕندانە دەرهەق بە گەلی ستەملێكراوی ئاشتیخواز و ژیاندۆست و مرۆڤپەروەری كوردستان كراوە، تەنیا گوناهیشی ئەوە بووە لە وڵاتی خۆیدا داوای ماف و ژیان و ئازادی و شكۆمەندی كردووە، ئەگەر هیچ دادپەروەرییەك هەبوایە، تەنیا جینۆسایدی هەڵەبجە بەس بوو بۆ ئەوەی هەموو مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان بناسرێن.
    لەم یادەدا جەخت دەكەینەوە كە دەبێ هەڵەبجە و هەڵەبجەیییەكان و تەواوی قوربانییانی جینۆساید و ئەنفال و تاوانەكانی ڕژێمی پێشوو لە هەرێمی كوردستان لە هەموو ڕوویەكەوە قەرەبوو بكرێنەوە، لە هەموو بوارەكانیشدا باشترین خزمەت بكرێن،بۆ ئەمە پێویستە حكوومەتی عێراق هەموو ئەرك و بەرپرسیاریەتییەكان و دادپەروەری بۆ قوربانییان جێبەجێ بكات، لەسەر ئاستی جیهانیش دەبێ كار بكرێت بۆ ئەوەی هەرگیز ڕێگەنەدرێت تاوان و كۆمەڵكوژیی ئاوا لە هیچ شوێنێك دووبارە ببنەوە.
    دەسكەوتەكان و قەوارەی سیاسی و دەستووریی فیدراڵیی هەرێمی كوردستان، بەرهەمی خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی گەلی كوردستانن بە هەموو پێكهاتەكانییەوە، بۆیە ئێستاش ئەركی هەمووانە بە یەكڕیزی و تەبایی بیانپارێزن و گیانی شەهیدان و دڵی خێزان و كەسوكاریان شاد بكەن، تا پێكەوە بەرەو داهاتوویەكی باشتر و ئارام و پارێزراو هەنگاو بنێین.
    نێچیرڤان بارزانی
     سەرۆكی هەرێمی كوردستان
    16-3-2024