هەولێر - INA
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: پڕۆژەی ( هەژماری من) پرۆژەیەكی پێشكەوتووی بانكی و پەسەندكراوی بانكی ناوەندی عێراقە ودەبێت مووچەخۆرانی هەرێم لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی وئابووری و حیسابی بانكیان لە (هەژماری من)ەوە مووچە وەربگرن.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی سەرۆك وەزیرانی هەرێم مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
لە دەستپێكی كۆبوونەوەدا، سەرۆك وەزیرانی هەرێم تیشكی خستەسەر سەردانی شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی سەرۆك وەزیرانی هەرێم بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و دیدار و كۆبوونەوەكانی لە واشنتۆن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای كۆشكی سپی و وەزارەتی دەرەوە و بەرگری و گەنجینە و كۆنگرێس لە ڕۆژانی 26/2 تا 5/3/2024.
سەرۆك وەزیرانی هەرێم ڕوونیكردەوە: كە لە كۆبوونەوە و دیدارەكانیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا، گفتوگۆ لە بارەی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی دۆستانە و تایبەتی دوولایەنە و گرنگی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ و دابینكردنی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم و پاراستنی قەوارەی دەستووری و فیدراڵی هەرێمی كوردستان و مافی پێكهاتەكانی كوردستان و پێكهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵی كرا.
پاشان شۆڕش ئیسماعیل وەزیری كاروباری پێشمەرگە، ئاماژەی بەوەدا: كە سەردانەكە زۆر سەركەوتوو بوو و لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئەمریكاوە گرنگییەكی زۆر بە شاندەكە درا و بەردەوامبوونی پشتیوانیكردنی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان دووپات كرایەوە .
هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە: كە بڕگەی دووەم بریتی بوو لە خستنەڕووی یەكەمین ڕاپۆرتی دەستەی دەستپاكی هەرێم سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی ئاستی جێبەجێكردنی (ستراتیژی نیشتمانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان ) كە پێشتر لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2021 لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمەوە پەسەندكرابوو لە پێناوی هێنانەكایەی چەند ئامانجێكی دیاریكراو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و برەودان بە شەفافیەت و لێپرسینەوە، لە ڕێگەی چەند میكانیزمێكی دیاریكراو، پوختەی ڕاپۆرتەكە لەلایەن ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەستپاكییەوە خرایەڕوو. ڕاپۆرتەكە چەندین ڕاسپاردە و پێشنیاری دامەزراوە فەرمییەكانی لەخۆگرتبوو لە چوارچێوەی ستراتیژەكە، لە ناویشیاندا بواری هۆشیاركردنەوەی دژە گەندەڵی و پەرەپێدان بە چاودێری ناوخۆیی و هەمواركردنەوەی چەند یاسا وڕێنماییەك و برەودان بە توانای فەرمانبەران وڕاهێنانیان و هەروەها هێنانەكایەی دادگایەكی تایبەت بە تاوانەكانی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم وێڕای دەستخۆشی لەبەرامبەر پێشكەشكردنی ڕاپۆرتەكە، هەڵوێستی خۆی دووپاتكردەوە: لە بەردەوامبوون لە ڕێكارەكانی پەرەپێدانی شەفافیەت و لێپرسینەوە و ڕووبەڕوبونەوەی گەندەڵی و لە هەمانكاتدا وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان ڕاسپێردران بۆ بەدواداچوونی جێبەجێكردنی ئەو ڕاسپاردە و پێشنیارانەی خرانەڕوو.
پاشان لەلایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم، هەنگاو و ڕێكارەكانی ئەم دواییەی وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆرانی لە بەر ڕۆشنایی دوا پێشهات و گۆڕانكارییەكان خرایەڕوو.
وەزیری دارایی وئابووری ئاماژەیدا بەوەی كە وەزارەتەكەی، داوای تەمویلكردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی لەلایەن وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدڕاڵ كردبوو بەبێ جیاوازی بۆ مانگی شوباتی 2024 بەبڕی ( 949,813,146,170) ملیار دینار.
بەڵام وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدڕاڵ تەنیا بڕی 560 ملیار و 219 ملیۆن دیناری تەمویل كردووە كە دەكاتە ڕێژەی تەنیا (%59) لە كۆی گشتی مووچەی هەرێم و ئەمەش وا دەكات كە كورتهێنان لە پێدانی مووچەی هەرێم بۆ مانگی شوبات دروست ببێت.
وەزیری دارایی وئابووری ڕوونیكردەوە كە هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی (هەژماری من)، لە مێژە دەستی كردووە بە پرۆسەی (توطین ) لەژێر سەرپەرشتی بانكی ناوەندی عێراق.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم وێڕای دەستخۆشی لە وەزارەتی دارایی وئابووری و شاندی دانوستانكاری بودجە بۆ ئەو ڕێكارانە، لە هەمانكاتدا ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی كردەوە: كە نابێت هیچ لەم ڕێكارانەی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدڕاڵ، ببنە مایەی بێبەشكردنی مووچەخۆرانی هەرێم لە لەمووچەكانیان كە شایستەی دارایی خۆیانە و دەبێت هاوشێوەی مووچەخۆرانی ناوچەكانی دیكەی عێراق، مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێ، بۆیە جەخت دەكەینەوە كە پێویستە مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بكرێت و نابێت مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، بێبەش بكرێن لە ماف و شایستەی دارایی خۆیان، چونكە ئەمە مافی دەستوریی و یاسایی مووچەخۆرانی هەرێمە و نابێت تێكەڵی هیچ ناكۆكیەكی نێوان هەردوو حكومەت بكرێ و كۆسپ و تەگەرە بخرێتە بەردەم خەرجكردنی.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم هەروەها جەختیكردەوە: كە هیچ ڕێگرییەك نیە بۆ پشت بەستن بە پڕۆژەی (هەژماری من) كە پڕۆژەیەكی گرنگ و پێشكەوتووی بانكییە و هاوشێوەی پرۆسەی ( تەوتین)ە و تێچووەكەشی كەمترە و خزمەتگوزاریشی زیاترو باشترە و لە ژێر سەرپەرشتی و ڕێگەپێدانی بانكی ناوەندی عێراق كراوە، بۆیە دەبێ مووچەخۆرانی هەرێم، لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان و ( هەژماری من) ەوە، مووچەی خۆیان وەربگرن وسوودمەندبن لە زۆر خزمەتگوزاری بانكی و پێدانی پارە و تەنانەت وەرگرتنی ئاسانكاریی قەرز، پرۆسەكەش بەردەوامە و بڕیارە تا كۆتایی ئەمساڵ، هەموو مووچەخۆرانی هەرێم ، حیسابی بانكیان بۆ بكرێتەوە، ئەو بانكانەی لە ( هەژماری من )یش بەشدارن، مۆڵەتپێدراوی بانكی ناوەندی عێراقین و بەشێكن لە پرۆسەی ( توطین) كە لە ناوچەكانی دیكەی عێراق كراوە.
ئەنجومەنی وەزیران جەختیشی كردەوە كە وەك چۆن مووچەخۆرانی عێراق ، ئازادن لە هەڵبژاردن و دەستنیشانكردنی ئەو بانكانەی حیسابی لێ دەكەنەوە، بە هەمانشێوە، پێویستە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانیش، ئازادبن كە لە چوارچێوەی ( هەژماری من)دا، لە چ بانكێك حیساب بكەنەوە. كە ئێستا پێنج بانك بەشدارن لە پرۆژەكە و لە ماوەیەكی نزیكیشدا، چەندین بانكی تریش دەبنە بەشێك لە پرۆژەكە.