دارایی پەرلەمان: دژی ئەو كەسانە دەوەستینەوە كە دژایەتی ئۆتۆماتیكیكردنی باج و گومرگ دەكەن

سیاسی
  • 13-03-2024, 16:41
  • +A -A

    بەغداد - INA
    ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران عەتوان عەتوانی، تەئكیدیكردەوە: دژی ئەو كەسانە وەستاونەتەوە كە دژایەتی جێبەجێكردنی سیستمی ئۆتۆماتیكی باج و گومرگی دەكەن.
    نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ  ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: لیژنەكە میوانداری وەزیری دارایی تەیف سامی و بەڕێوەبەرانی باج و گومرگی كرد.
    بەپێی بەیاننامەكە، لە میانی میواندارییەكەدا، عەتوانی ئاماژەیدا: بە چالاككردن و زیادكردنی داهاتی غەیرە نەوتی، و ئەمەش یەكێكە لە ئەولەویەتەكانی بەرنامەی حكومەت، و وتیشی: ئێمە دژی هەركەسێك دەوەستینەوە كە دژی جێبەجێكردنی سیستمی ئۆتۆماتیكی باج و گومرگن و شانبەشانی وەزارەتی دارایی  ڕێگە نادەین پەكی بخرێت، بەتوندی پاڵپشتی ئاراستەی وەزارەتی دارایی دەكەین بۆ جێبەجێكردنی ئۆتۆماتیكی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەكان، ئێمە كۆبوونەوەی تەكنیكیمان دەبێت بۆ زانینی هۆكار و ئاستەنگ و كێشەكان كە لە ڕێگەی جێبەجێكردنی سیستەمی ئۆتۆماتیكیدایە و لێپرسینەوەش لە وانە دەكەین كە كەمتەرخەمن.
    ئاشكراشیكرد: پێویستە بنكەی باج فراوانتر بكرێت و سەرچاوەكانی هەمەجۆر بكرێت، بەڵام نەك لەسەر حسابی هاوڵاتیان و باج تەنها بە یاسا ئازاد دەكرێن و پێداچوونەوە بە هەموو دەرچوونەكان و ڕێژەی سوودە خواستراوەكانیش دەكەین.
    وتیشی: لیژنەی دارایی ڕاپۆرتێكی ورد پێشكەشی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات سەبارەت بە باج و گومرگ بۆ پاڵپشتی حكومەت لە جێبەجێكردنی سیستەمی ئۆتۆماتیكی، هەروەها لەگەڵ دەستەكانی باج و گومرگ وۆركشۆپی هاوبەش ئەنجام دەدەین بۆ پێداچوونەوە و گۆڕینی یاساكانی باج بە پێی سیستەمە نوێیەكە.