هەولێر –INA
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كۆبووەوە و تاوتوێی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دۆخی گشتی و دوایین پەرەسەندن و پێشهاتەكانی عێراق و ناوچەكان كرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی نێردراوە " ئەمڕۆ چوارشەممە 13-03-2024 مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد".هەروەها "لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دۆخی گشتی و دوایین پەرەسەندن و پێشهاتەكانی عێراق و ناوچەكە و گرنگیی چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوو ر و رێككەوتنەكان كراوە".
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق "هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و رێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵی و دەستووریی هەرێمی كوردستان، ئەمەش وەكو لە راگەیێندراوی حكومەتدا هاتووە".
بە گوێرەی راگەیێندراوەكە " باڵیۆزی بەریتانیا جەختی لەوە كردووەتەوە كە هاوبەشییان لەگەڵ هەرێمی كوردستان جێی گرنگی و بایەخی ئەوانە و بەردەوام دەبن لە هەماهەنگیی هەمەلایەنە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان".
هەروەها "سەرۆكی حكومەت دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان داكۆكی لە مافە دەستوورییەكانی دەكات و لە ژێر هیچ فشارێكدا، دەستبەرداری مافەكانی نابێت".
بەشێكی تری كۆبونەوەكە لە سەر "پشتیوانیكردنی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و گرنگیی پاراستنی مافەكانی پێكهاتەكانی كوردستان و پێویستیی پێكهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵی، چەند تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكانی دیدارەكە بوون".