مەسرور بارزانی لەیادی 8 مارس :پشتیوانی لە داخوازییە ڕەواکانی ژنان و داکۆکی لە مافەکانیان دەکەم لەپێناو کۆمەڵگەیەکی ئازاد و تەندروست

سیاسی
  • 8-03-2024, 16:48
  • +A -A

    هەولێر -INA
    ئەمڕۆ هەینی "مەسرور بارزانی،" سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەپەیامێکدا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئافرەتان،پشتیوانی خۆی بۆ مافەکانیان دووپاتکردەوە.
    نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ( INA) ناردوویەتی ، تیایدا هاتووە:- ئەمڕۆ هەینی "مەسرور بارزانی،" سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان،پەیامێکی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئافرەتان بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:- بە بۆنەی 8 مارس، ڕۆژی جیهانی ئافرەتان، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی سەرجەم ئافرەتانی کوردستان و جیهان دەکەم، هیوای سەرکەوتن و ژیانێکی پڕ لە سەرفیرازیان بۆ دەخوازم و هەمیشە پشتیوانی لە داخوازییە ڕەواکانیان و داکۆکی لە مافەکانیان دەکەم لەپێناو کۆمەڵگەیەکی ئازاد و تەندروست.
    لەم بۆنەیەدا،حکومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندبوونی خۆی بە پاراستنی مافەکانی ئافرەتانی کوردستان و باشترکردنی بارودۆخی ژیانیان و بەهێزترکردنی پێگەیان لە کایەکانی دەسەڵات و حکومڕانی و بەهێزکردنی بنەماکانی یەکسانیی ڕەگەزی دووپات دەکاتەوە.
    ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان، لە ئافرەتانی کوردستان و جیهان پیرۆز بێت و هیوادارم هەمیشە لە ئاشتی و شاديدا بژین.

    مەسرور بارزانی
    سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان