نێچیرڤان بارزانی : به‌ڕووى هه‌ر بير و وته‌ و سته‌م و ده‌ستدرێژى و هه‌راسانكردن و ناهه‌قييه‌كدا ده‌وه‌ستينه‌وه‌ كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ژنان بكرێت.

سیاسی
  • 8-03-2024, 16:46
  • +A -A

    هەوڵیر -INA
    ئەمرۆ هەینی"نێچێرڤان بارزانی "سەرۆژی هەرێمی کوردستان لەپەیامێکدا بەبۆنەی 8 مارس رۆژی جیهانی ژنان رایگەیاند:به‌ڕووى هه‌ر بير و وته‌ و سته‌م و ده‌ستدرێژى و هه‌راسانكردن و ناهه‌قييه‌كدا ده‌وه‌ستينه‌وه‌ كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ژنان بكرێت.
    لەڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێم کە بۆ ئاژانسی هەواڵئ عێراقی ناردوویەتی تیایدا هاتووە:- ئەمرۆ هەینی "نێچیرڤان بارزانی "سەرۆکی هەرێمی کوردستان ،بەبۆنەی 8 مارس پەیامێکی پیرۆز بایی بڵاو کردەوە کەئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە :-  
    يادى هه‌شتى مارس، ڕۆژى جيهانيى ئافره‌تان، به‌ گه‌رمى له‌ هه‌موو ئافره‌تانى كوردستان، عێراق و جيهان پيرۆز ده‌كه‌م، له‌ هه‌وڵ و كار و خه‌باتياندا بۆ به‌ده‌ستهێنانى يه‌كسانى و ته‌واوى مافه‌كانى ژنان، وه‌ك هه‌ميشه‌ به‌وپه‌ڕى بڕوا و تواناوه‌ هاوكار و پشتيوانيانم، هيواى به‌ره‌وپێشچوونى به‌رده‌وام و سه‌ركه‌وتنيان بۆ ده‌خوازم.
    له‌م ياده‌دا به‌ ڕێز و پێزانينه‌وه‌ هه‌موو ئه‌و ئافره‌ته‌ بوێرانه‌ به‌بيرده‌هێنينه‌وه‌ كه‌ له‌ كاروانى خه‌باتياندا بۆ پاراستن و به‌رگرى له‌ مافه‌كانيان سه‌ريان نايه‌وه‌، يان به‌ ناهه‌ق بوونه‌ قوربانيى توندوتيژى و بيرى توندڕه‌وى و دواكه‌وتوويى. دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ به‌ هه‌موو توانايه‌ك به‌ڕووى هه‌ر بير و وته‌ و سته‌م و ده‌ستدرێژى و هه‌راسانكردن و ناهه‌قييه‌كدا ده‌وه‌ستينه‌وه‌ كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ژنان بكرێت.
    له‌ كاتێكدا به‌ گه‌شبينى و به‌ چاوى ئومێده‌وه‌ له‌ كارايى و به‌شدارى و هاوبه‌شيى ئافره‌تان له‌ هه‌موو بواره‌كانى ژياندا له‌ كوردستان ده‌ڕوانين، دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ خوازيارى زياترين و وه‌ك هه‌ميشه‌ له‌ كار و هه‌وڵ و كۆششمان به‌رده‌وام ده‌بين بۆ فه‌راهه‌مكردن و مسۆگه‌ريى زياترى ڕۆڵ و ئاماده‌يى و ده‌رفه‌ت و پێگه‌ى ئافره‌ت له‌ هه‌موو كايه‌ و بواره‌كانى ژياندا. هه‌ر لێره‌دا داواكارين لايه‌نه‌ سياسييه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتوودا گرنگيى زياتر به‌ كانديدكردنى ژنان بده‌ن.
    كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى ئازاد و شارستانيى پێشكه‌وتوو كه‌ ئارام و ئاسووده‌ بێت، كه‌ نه‌وه‌يه‌كى دروست و به‌ توانا پێبگه‌يه‌نێت و داهاتوويه‌كى باشتر بنيات بنێت، به‌بێ ئازادى و يه‌كسانى و مافه‌كانى ئافره‌تان نايه‌ته‌ دى. بۆيه‌ ئه‌ركى هه‌موومانه‌ له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ به‌م بڕوا و تێگه‌يشتنه‌وه‌، پشتيوانى له‌ خه‌باتى ژنان بكه‌ين و تا سه‌ركه‌وتن له‌گه‌ڵياندا بين.
    هه‌شتى مارس له‌ هه‌مووان پيرۆز بێت