ههولێرـ INA
مهسرور بارزانی سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان لهیادی راپهڕینی شكۆداری ساڵی 1991ی گهلی كوردستاندا پهیامێكی پیرۆزبایی ئاراستهی خهڵكی كوردستان دهكات.
نووسینگهی راگهیاندنی سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان پهیامهكه بۆ ئاژانسی ههواڵی عێراقی ناردووه، كهتێدا هاتووه" لە سی و سێیەمین ساڵیادی راپەڕینی شکۆداری ساڵی 1991ی گەلی کوردستاندا، گەرمترین پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم. ڕێز و پێزانینم بۆ هەموو تێکۆشەران و کوردستانپەروەران و بەشدارانی ڕاپەڕین و بۆ هەموو ئەوانەی لە كاروانی ئازادی و سەرفرازی و پێشكەوتن و ئاوەدانی و خۆڕاگریی هەرێمی كوردستاندا، ڕەنجیان دا و ماندوو بوون، دروود بۆ گیانی پاكی ئەو شەهیدانەی لەم ڕێگەیەدا گیانیان بەخت كرد.
ڕاپەڕینی ئاداری 1991، یەکێکە لە گرنگترین ڕووداوە بەرهەمدارەكانی مێژووی كوردستان و شانازییەكی گەورە و سەروەرییەكی مەزنی گەلی کوردستانە، کە بەرهەمی یەکڕیزی و یەکگرتوویی سەرجەم چین و توێژ و پێکهاتەکانی گەلی کوردستان و هێز و لایەنە کوردستانییەکان بوو، ڕەتکردنەوەی یەكجارەكیی ستەم و داگیرکاری و ژێردەستەیی بوو، بەرهەمەکەی دروستبوونی قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعی و دەستوورییەکانی هەرێم بوو.
ئەمڕۆ کە یادی ڕاپەڕین دەکەینەوە، زۆر گرنگە و پێویستە هەموو لایەن و پێکهاتە و هەر تاکێکی کوردستانی، بە یەکڕیزی و یەکدەنگی، داکۆکی لە دەستکەوتە نیشتمانییەکان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکەن.
بۆیە پێویستە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی كوردستان و بەها بەرزەکانی ڕاپەڕین و بنەماکانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و ئاشتیخوازی و مرۆڤدۆستیی گەلی کوردستان، هەمیشە بپارێزین و گەشەیان پێ بدەین، بە دڵنیاییشەوە سەروەریی هەموومان بەندە بە بوونی كوردستانەوە.
با یادی ڕاپەڕین، هاندەری زیاترمان بێت بۆ ئەوەی پشتیوانی قەوارەی دەستووری هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان بین، تا بتوانێت بە باشترین شێوە، خزمەتێکی شایستەتر پێشکەشی سەرجەم خەڵکی کوردستان بکات و بەیەکەوە، هەرێمی کوردستان، بەرەو قۆناغێکی گەشەسەندووتر ببەین.