بەغدا - INA – محەمەد تاڵبی
ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی كشتوكاڵ میكانیزمی پەسەندكردنی هاوردەكردنی گۆشت و ئاژەڵ ڕوونكردەوە، هاوكات پێشبینی دەكرد نرخەكانیان وردە وردە دابەزێت دوای ڕێوشوێنەكانی ئەم دواییە، لەوانەش كەمكردنەوەی باجی هاوردەكردن.
محەمەد خوزاعی، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند “هاوردەكردنی گۆشتی ئاژەڵ پەیوەستە بە مەرجەكانی تەندروستی و ڤێتێرنەری، وەزارەتی كشتوكاڵ بڕیاری داوە لە هەمو وڵاتێك ئاژەڵ و گۆشتی سور هاوردە نەكرێت، تەنها لەو وڵاتانە نەبێت كە ئاژەڵ هەناردە دەكەن بە ئاژەڵی گەورە و بچوكەوە، پاشان رەزامەندی بەهاوردەكردنی دەدات .
خوزاعی ئاماژەی بەوەشكر یەكێكی دیكە لە مەرجەكانی هاوردە كردنی ئاژەڵ، پێویستە ئەو وڵاتەی ئاژەڵ و گۆشتی سور هەناردەی عێراق دەكات ئەندامی رێكخراوی تەندروستی جیهانی بێت، هەروەها بۆ دڵنیابوەنەوەش لە تەندروستی ئەو ئاژەڵانەی هەناردەی وڵات دەكرێن، تیمە تایبەتییەكانی تەندروستی و ڤێتێرنەری وەزارەتی كشتوكاڵ سەردانی ئەو وڵاتانە دەكەن تا بزانن ئاژەڵەكان هەڵگری هیچ جۆرە نەخۆشیەك نین.
وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ: گرتنەبەری رێكارەكان كاریگەرییان لەسەر دابەزاندنی نرخی گۆشتی سور هەیە، بەڵام هەندێك كاتی پێویستە بۆ ئەوەی نرخ لە بازاڕەكاندا زیاتر دابەزێت، كە لە ئێستادا نرخەكان دەستیان بە دابەزین كردوە و نرخی گۆشتی مەڕ بە (20) هەزار دینار و گۆشتی گوێرەكە بە (15) هەزار دینار لە بازاڕەكاندا بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێت.
نابراو رونیكردەوە دوای وەرگرتنی رەزامەندی لەسەر هاوردەكردن، جارێكی دیكە لەسەر سنوری عێراق، لەلایەن تیمە تایبەتییەكانەوە پشكنین بۆ ئاژەڵەكان دەكرێتەوە و پاشان رێگە دەدرێت ببرێنە ناو شارەكان.