بەغداد - INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید، تەئكیدیكردەوە: كە قۆناغی ئێستا پێویستی بە هەماهەنگی و هاریكاری هاوبەشی زیاتر هەیە لەنێوان هەموو هێز و لایەنە نیشتمانییەكان بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار، لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال رەشید پێشوازی كرد لە محەمەد رێكان حەلبوسی سەرۆكی پارتی تەقەدوم، كە محەمەد عەلی تەمیم جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری پلاندانان،ئەحمەد فەكاك بەدرانی وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار و ژمارەیەك لێپرسراو و كەسایەتی سیاسی ئامادەیبون.
ئاشكراشیكرد: لە میانی دیدارەكەدا، كە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە كۆشكی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچوو، باس لە بارودۆخی گشتی وڵات كرا، هەروەها جەختكرایەوە لەسەر گرنگی یەكخستنی هەوڵەكان بۆ باشتركردنی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشكەش بە هاووڵاتیان دەكرێن و كاركردن بۆ باشتركردنی دۆخی ژیانیان.
هەر لە دیدارەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بەگوێرەی شایستەی دەستوری و هەڵبژاردن.
سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە: كە قۆناغی ئێستا پێویستی بە هەماهەنگی و هاریكاری هاوبەشی زیاتر هەیە لەنێوان هەموو هێز و لایەنە نیشتمانییەكان بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی لە عێراقدا، هەروەها روبەڕوبونەوەی ئاڵنگارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان بەشێوەیەك كە ئارامی و ئاسایش بۆ گەلەكەمان و گەلانی ناوچەكە بەدیبهێنێت.
هەروەها سەرۆك كۆمار ئاماژەیكرد: بە پێویستی پەلەكردن لە هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران و تەواوكردنی شایستەی دەستوریی بەگوێرەی لێكتێگەیشتنەكانی نێوان لایەنەكان، كە یارمەتیدەردەبێت لە پاڵپشتیكردنی سەقامگیریی سیاسی، بۆئەوەی ئەم دامەزراوەیە بتوانێت رۆڵی خۆی ببینێت لە پەسندكردنی یاسا و هەروەها یاساكانی پەیوەست بە ژیانی هاووڵاتیان.
هەروەك جەختیكردەوە: لەسەر پێویستی تەواوكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاری ئەو پارێزگایانەی تائێستا یەكلانەكراونەتەوە، بەشێوەیەك كە پاڵپشتی حكومەت بكات لە تەواوكردنی بڕگەكانی بەرنامەكەی و باشتركردنی ئاستی ژیانی هاووڵاتیان.
لەبەرامبەردا محەمەد رێكان حەلبوسی جەختیكردەوە: لەسەر بایەخی یەكخستنی ریزەكانی نێوان هێزە عێراقییەكان لەپێناو پاراستنی سەروەریی وڵات و گەیشتن بە ئامانجە هەمەلایەنەكانی گەشەپێدان، هاوكات ستایشی پێشنیارەكانی سەرۆك كۆماری كرد لە پاڵپشتیكردن لەپرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بۆئەوەی ئەركە نیشتمانییەكانی خۆی بەجێ بگەیەنێت.