بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال رەشید، دووپاتیكردەوە: بەكارهێنانی خاكی عێراق بۆ ئەنجامدانی هێرش یان هەڕەشەكردن لە هەر وڵاتێكی دراوسێ رەتدەكەینەوە.
رەشید لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیدا كە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بینیویەتی، رایگەیاند: عێراق دەیان ساڵ بەدەست قەیرانی ناوخۆیی و دەرەكی و ململانێ و جەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و كێشەكانی لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەیناڵاند، بەڵام ئێستا دۆخەكە جیاوازە.
وتیشی: عێراق ئەمڕۆ ئاسایش و سەقامگیری بەخۆوە دەبینێت و هەوڵەكانی هەموو دامەزراوەكانی دەوڵەت لە سەرۆكایەتی كۆمار و حكومەت و ئەنجومەنی نوێنەرانەوە چڕكراونەتەوە بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابوری.
رونیشیكردەوە: هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە ڕێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق بونی هەیە و هەر خشتەیەك بۆ مانەوە یان دەرچونیان لە عێراق بە بڕیاری حكومەت و بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە سیاسییەكان و ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت و بڕیاری كۆتاییش لە دەستی حكومەتی عێراقدایە.
جەختیشیكردەوە: هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ یارمەتیدانبوو لە جەنگی دژی تیرۆر و رێكخروای داعشدا و ئێستا هەڕەشەی داعش بوونی نییە، و وتیشی: پەیوەندییەكی دیپلۆماسی و سیاسی و ئابووری و بازرگانی باشمان دەوێت لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، كە هێزێكی گەورەیە لە جیهاندا و ناتوانین پەیوەندییەكی باش لەگەڵیدا پشتگوێبخەین.
ئاشكراشیكرد: عێراق جەخت لەسەر سەربەخۆیی بڕیاردانی دەكاتەوە و هەموو دامەزراوەكانی دەوڵەت ئەمە پشتڕاستدەكەنەوە، چونكە بەدەست دەستێوەردانی دەرەكی نەخوازراوەوە ئازارمان چەشتوە، كە دەرئەنجامی نەرێنی بۆ عێراق لێكەوتوەتەوە، و وتیشی: لەمڕۆدا هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە ئاستێكی باشدان و توانای روبەڕوبونەوەی ئاڵنگارییە ناوخۆیی و دەرەكییەكانیان هەیە.
تەئكیدیشیكردەوە: هەڵوێستی عێراق لەمەڕ پرسی فەڵەستین چەسپاو و ئاشكرایە، لەگەڵ هەموو مافە رەواكانی گەلی فەڵەستینین بۆئەوەی بە ئاشتی و ئازادی لەسەر خاكی دەوڵەتەكەیان بژین، هەروەك بە توندی پەلاماری دوژمنكارانەی سەر غەزە ئیدانە دەكەین، و وتیشی: سەركەوتوبوین لە نزیككردنەوەی بۆچونەكانی سعودیە و ئێران لە یەكتر و كاردەكەین بۆ گەڕاندنەوەی سوریا بۆ كۆمكاری عەرەبی و هەوڵی دیكەشمان هەیە لەبارەی چەندین دۆسێ لە ناوچەكەدا.
راشیگەیاند: ناكۆكییەكان لە ناوچەكەدا چارەسەر دەكرێن و مەحاڵ نین، جەختیش لە بەدیهێنانی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان دەكەینەوە بە سودوەرگرتن لە سەرچاوە زۆرەكانی ناوچەكە لەبری ئەوەی سەرقاڵی جەنگ و ململانێكان بین، و وتیشی: پەیوەندییەكانمان لەگەڵ شانشینی سعودیە باش و بەردەوامن و لە كاتی سەردانەكەمدا بۆ سعودیە هەستم بە خواستی سعودیە كرد بۆ بەهێزكردنی هەماهەنگی و هاوكاری، سعودیەش گرنگی بە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دەدات.
رونیشیكردەوە: پەیوەندییەكانمان لەگەڵ توركیا لەڕووی سیاسی و بازرگانی و وەبەرهێنانەوە باشن، چەند تێبینییەكی ئەمنیمان هەیە، كە دەبێت لە چوارچێوەی دانوستانەكاندا كار بۆ چارەسەركردنیان بكرێت، و وتیشی: بەكارهێنانی خاكی عێراق بۆ ئەنجامدانی هێرش یان هەڕەشەكردن لە هەر وڵاتێكی دراوسێ رەتدەكەینەوە، راسپاردەمان بۆ ئەو كوردانەی لە ئێران و توركیاوە هاتون بۆ عێراق و نیشتەجێبون ئەوەیە، كە دەبێت رێز لەم پرەنسیپە بگرن.
سەرۆك كۆمار دووپاتیشیكردەوە: كە دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان دەستورین و هیچ لایەنێكی فەرمی عێراقی نییە، كە داوای لێسەندنەوەی ئەو دەسەڵاتانە بكات، عێراق دەوڵەتێكی فیدراڵییە و مافی هەرێمی كوردستان مسۆگەردەكات، و وتیشی: هەندێك كێشە هەیە لەنێوان حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان لەسەر پرسەكانی بودجە و نەوت و موچە، گفتوگۆكردن لەبارەیانەوە لەڕێگەی لیژنە هاوبەشەكانەوە بەردەوامە و دڵنیاین، كە ئەنجامی ئەرێنییان دەبێت.
ئاشكراشیكرد: عێراق بەدەست قەیرانی ئاوەوە دەناڵێنێت، هەموو سەرچاوە ئاوییەكانمان لە دەرەوەی وڵاتەوە دێن و داوای لێكتێگەیشتن لەگەڵ ئێران و توركیا دەكەین بۆ دەستەبەركردنی پشكی دادپەروەرانە بۆ هەموو لایەك.
جەختیشیكردەوە: كە عێراق پێویستی بە باشتركردنی بەڕێوەبردن و رێكخستنی ئاو هەیە لەڕێگەی گرتنەبەری شێوازەكانی ئاودێریی مۆدێرن و كەمكردنەوەی بەكارهێنانی، و وتیشی: ئەمساڵ بەهۆی باران و بەفربارینەوە، دۆخی ئاو لە عێراقدا بەراورد بە ساڵانی پێشوو باشترە، كە ئەوەش رەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر دۆخی ئاو.