بەرزنجی: عێراق دواكاری بۆ ئەندامیەتی لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤ بۆ  (2026-2028) پێشكەش كردووە 

سیاسی
  • 28-02-2024, 21:04
  • +A -A

    بەغداد - INA
    عومەر بەرزنجی بریكاری وەزارەتی دەرەوە وتاری عێراق لە 55ەمین دانیشتنی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ پێشكەش كرد.
    وەزارەتی دەرەوە لەبەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوەو تیایدا هاتووە : عومەر بەرزنجی بریكاری وەزارەتی دەرەوە، لە خولی 55ی ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤ،لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە جنێڤ،  بە ئامادەبوونی باڵیۆز " عەبدولكەریم تەعمە كەعب " سەرۆكی بەشی مافی مرۆڤ، وتاری كۆماری عێراقی،بە ڕاسپاردەی (د.فوئاد حسێن) جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە پێشكەش كرد.
    وەك بەیاننامەكە ئاماژەی پێداوە :- "بەرزنجی " لەوتارەكەیدا ، بەردەوامی دەستدرێژیی هێزی داگیركەر بۆ سەر كەرتی غەززە و بەردەوامی بەئامانجگرتنی خەڵكی مەدەنی بێ بەرگری ،كە بۆتە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە 30 هەزار فەلەستینی كە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون ئیدانەكرد، هەروەك بەئامانجگرتنی نەخۆشخانەكان و شوێنی خوا پەرستی و پەناگەكانی شەرمەزار كرد ،كە ئەو كردەوانە جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانەكانی دژ بە مرۆڤایەتین دژی گەلی فەلەستین، هەروەها سەرپێچییەكی ئاشكرای یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و یاسای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤن.
    هەروەك لەوتارەیەكیدا "بەرزنجی " نیگەرانی قووڵی  دەربڕی  سەبارەت بە تێكچوونی دۆخەكە، تەئكیدی لەسەر  گرنگی پاراستنی پشتیوانی بەكۆمەڵ بۆ دەزگای فریاگوزاری و كارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەنابەرانی فەلەستین كردەوە.
    بەپێی بەیاننامەكە "بەرزنجی " لە بەشێكی تری  وتارەكەیدا ئاماژەی بەوەدا كە ئەمساڵ بە ئازارەوە یادی دەیەمین ساڵیادی ئەو كۆمەڵكوژییەی داعشی تیرۆریستی دژی گەلی عێراق دەكەینەوە، هەروەك جەختیشی لەوە كردەوە كە ئەمڕۆ عێراق پێشكەوتنی یاسایی گرنگی بەدەستهێناوە لە بواری بەدیهێنانی دادپەروەری و قەرەبووكردنەوە، لەڕێگەی دانانی یاسای ڕزگاربووانی ژنانی ئێزیدی، هەروەها حكومەت دەستی بە كارەكانی كرد بۆ دروستكردنی داتابەیسێك لەسەر ئەو ژن و كچانەی كە یاساكە دەیانگرێتەوە، لە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردووشەوە بەڕێوەبەرایەتی ڕزگاربووان وەجبەی یەكەمی هاوكاری بۆ ڕزگاربووان دەستپێكرد، كاركردنیش بەردەوامە بۆ ئەوەی تەواوی ڕزگاربووان بگرێتەوە.
    هەر بەپێی بەیاننامەكە ، لەكۆتای وتارەكەیدا "عومەر بەرزنجی"بریكاری وەزارەتی دەرەوە  دووپاتی كردەوە كە عێراق كاندیدبوونی خۆی بۆ ئەندامێتی لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤ بۆ ساڵی (2026-2028) پێشكەش كردووە و داواش لە وڵاتان دەكات پاڵپشتی  كاندیدكردنی بكەن، بەتایبەت كە عێراق پەیڕەوی  دیبلۆماسیەتێكی هێمن دەكات كە دیدگا جیاوازەكان لەیەكتر نزیك دەكاتەوە و زمانی هاوبەش دروست دەكات.