بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان فەریقی یەكەمی روكن قەیس محەمەداوی، جەختی لە پێویستی بەهێزكردنی هاوكاری هاوبەش لە بوارە ئەمنی و سەربازییەكانی نێوان عێراق و فەرەنسا كردەوە.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان، فەریقی یەكەمی روكن قەیس محەمەداوی، پێشوازی لە فەریق روكنی فڕۆكەوان تیێری گاریتا، یاریدەدەری سەرۆكی ئەركانی سوپا بۆ ئۆپەراسیۆنەكانی فەرەنسا و لیوا روكن میشێل دێل پیت فەرماندەی هێزە تایبەتەكانی فەرەنسا و وەفدی هاوڕێییان كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا كە لە بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان بەڕێوەچوو، گفتووگۆ كرا لەبارەی ئەگەری هەماهەنگی هاوبەش لە بوارەكانی ئاسایش و سەربازی و پشتیوانی و مەشق پێكردن و بنیاتنانی تواناكانی هێزە ئەمنییەكانی عێراق.
بەیاننامەكە ئاماژەی بەوەشكرد: جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان و شاندی فەرەنسا باسیان لە پەیوەندییە مێژووییە جیاوازەكانی نێوان لایەنی عێراقی و فەرەنسی كرد.
راشیگەیاند: هەردوولا ستایشی مێژووی دوور و درێژی ئەو پەیوەندییانە و كاردانەوەیان لە هەموو ئاستەكاندا كرد. هەروەها جەختیانكردەوە كە خواستێكی هاوبەش و هاوكاری دوو قۆڵی و كاركردنی بەردەوام هەیە بۆ داڕشتن و تەواوكردنی واژۆكردنی یاداشتنامەی ئەمنی دوو قۆڵی نێوان عێراق و فەرەنسا، و ستایشی ئاستی مەشقی ئاسمانی هاوبەش و هەوڵەكانی لایەنی فەرەنسی لە مەشق و ڕاهێنان و ئامادەكردنی فەوجەكانی بیابان كرا.