هەولێر - زاگرۆس نانەكەلی
بڕیارە سبەینێ پێنج شەممە 29-2-2024 كاتژمێر (2) دوای نیوەڕۆ لە فاملی مۆڵی شاری سلێمانی، سێیەمین پاڵەوانیەتی نێودەوڵەتی شەتڕەنجی فاملی مۆڵ لەسلێمانی بەرێوەبچێت.
ئەسعەد ئیسماعل تۆفیق ئەندامی یەكێتی شەتڕەنجی عێراق سەرپەرشتیاری ئەم پاڵەوانییەتیە راگەیاند: بێگومان بەهەوڵ و كۆششی هەمووان و بۆ جاری سێەم پاڵەوانیەتی نێودەوڵەتی شەتڕەنجی فاملی مۆڵ بەیانی پێنج شەممە لەشاری سلێمانی بەرێوەدەچێت، و وتیشی: ئەم پاڵەوانیەتیە سستەمی كراوەیە (ئۆپن) تا ئێستا زیاتر لە (300) یاریزان لە كوڕان و كچان ناویان نووسیوە بۆ بەشداریكردن، هەروەها ئەگەر هیچ یاریزانێكی كچ بۆ یارییەكانی كۆتایی سەرنەكەون، پێنج یاریزان دەست نیشان دەكرێت لە قۆناغەكانی كۆتایی یاری بكەن، ئەگەر كچانیش سەركەوتن، ئەوا بە پێنج یاریزانی زیادەوە سەردەكەون.
ئەسعەد ئیسماعل تۆفیق رونیشیكردەوە: ئەم پاڵەوانیەتییە بەسەرپەرشتی بەرێوەبەرایەتی وەرزشی سلێمانی و یەكێتی شەتڕەنجی سلێمانی بەرێوەدەچێت و بەهاوكاری و پاڵپشتی فاملی مۆڵ دەبێت، پاڵەوانیەتییەكە قۆناغی یەكەم دوو رۆژ پاڵاوتنە و قۆناغی دووەمیش بەدوو رۆژ بەرێوەدەچێت و پاڵاوتنەكە هەمووان دەتوانن بەشداری تێدا بكەن، بەڵام ئەو كەسانەی كە ڕەیتینگ-ـیان هەیە پێویست بە پاڵاوتن ناكات و ڕاستەوخۆ دەچنیە قۆناغی داهاتوو.
هەروەها ئەسعەد ئیسماعیل وتیشی: لە رێكەوتی 29/2 - 1/3 پاڵاوتنی یاریزانان دەكرێت كە هەر یاریزانێك دوو یاری ئەنجام دەدات و بە سیستمی (3min 2sec) و براوەكان سەردەكەون بۆ قۆناغەكانی كۆتایی كەلەرێكەوتی 3 - 4مانگی 3 بە سیستمی سویسری نۆ جەولە 10min 10sec بەڕێوەدەچێت،ئەم پاڵەوانیەتییە خەڵاتی تایبەتی بۆ براوەكانی یەكەم تا سێیەم و گەنجترین و بەتەمەنترین، هەروەها كەسانی دیاردە ئامادەكردوووە.
ئەسعەد ئیسماعیل بەناوی یەكێتی شەتڕەنجی سلێمانی و عێراق وبەرێوەبەرایەتی وەرزشی سلێمانی و بەرێوەبەرانی ئەم پاڵەوانیەتییە، وتی: هیوای چاكبوونەوەی خێرا وسەلامەتی بۆ پاڵەوانی شەتڕنج (نوح عەلی حسێن) دەخوازین و لەم پاڵەوانیەتییە هەموومان نزا دەكەین بۆ كاكە نوح.