قوباد تاڵەبانی و كونسوڵخانەی ئیماراتی تاوتوێ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان ئیمارات و هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاوازەكاندا كرد

سیاسی
  • 28-02-2024, 13:13
  • +A -A

    هەولێر –INA
    جێگری قوباد تاڵەبانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كونسوڵخانەی ئیماراتی تاوتوێ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان ئیمارات و هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاوازەكاندا كرد.
    نووسینگەی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیندراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی INA نێردراوە تێیدا هاتووە" قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران سەردانی كونسوڵخانەی ئیماراتی كرد و لەلایەن ئەحمەد ئیبراهیم ئەلزاهیری، كونسوڵی گشتیی ئیماراتەوە پێشوازی لێكرا و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێكی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ كران".
     هەر بە پێی راگەیندراوەكە " هەردوولا بە گرنگییەوە باسیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان ئیمارات و هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاوازەكاندا كرد. قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە ئەزمونی سەركەوتووی گەشەسەندنی ئیمارات كرد و خواستی هەرێمی كوردستانی دەربڕی بۆ سودوەرگرتن لە ئەزمونی گەشەسەندنی ئەو وڵاتە لە بوارە جیاوازەكاندا".
    جێگای باسە لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، "باس لە چۆنییەتی كاری پێكەوەیی كرا بۆ هاندانی وەبەرهێنەرانی ئیماراتی تا ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆك وەزیران رایگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیە هەموو جۆرە كارئاسانییەك پێشكەشی وەبەرهێنەرانی ئیماراتی بكات بە تایبەتیش لە بوارەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتوگوزاردا". 
    بەپێی راگەیندراوەكە " گفتوگۆكرا لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و دواین پێشهاتەكان تاوتوێ كران. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا هەوڵەكانمان بەو ئاراستەیەدان كە هەموو كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەشێوەیەكی بنەڕەتی بەپێی دەستور چارەسەر بكرێن".
    سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانی كوردستانیش كە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو، جێگری سەرۆك وەزیران رایگەیاند: نابێت لەوە زیاتر هەڵبژاردن دوا بكەوێت و پێویستە لەو وادەیەی كە بڕیارە بەم نزیكانە لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمەوە دیاری بكرێت، هەڵبژاردنەكان بە شێوەیەكی پاك و بێگەرد و دادپەروەرانە بەڕێوەبچێت.